نما کچە جوانەکە بەر لەوەی گەورەبیت

0
760

نما، هاوڕێ خنجیلانەکە نازانم تۆ خۆت دەزانیت خەریکی چیت؟ یان ئەوانەی سەیری فلیمە کورتەکانت دەکەن دەزانن بۆچی سەیری دەکەن؟
هیوادارم تەنها بۆ کات بەسەر بردن نەبێت کە لێت دەڕوانن . تۆ شتگەلێک دەڵێیت، دەبێت ئێمە هەڵوێستی لەسەر وەرگرین ، کەچی دەترەقینەوە و چێژ وەردەگرین لێی، وادەزانین تۆ لەڕێگەی کۆمێدیاوە دەتەوێت شادمانمان بکەیت.
تۆ فێری بوێریمان دەکەیت، دەشزانین بۆ سەرکەوتن بۆ گەیشتن بەئازادیی تەنها بوێری دەوێت ، ئاخر بوێری خۆی چییە ؟ ئەی ئازادی چییە ؟ لە دوا ڤیدیۆ کلیپدا دەڵێیت:”بۆ ئەوەی کۆیلەکان ڕزگاربکەین ، پێویستمان بە سپارتاکۆسە” لەڕاستیدا سپارتاکۆس کۆیلەی ڕزگار نەکرد ، ئەو خۆی ڕزگارکرد، ئەو بۆ ئازادی خۆی بڕیاری یاخیبونی دا و خەڵک چاویان لێکرد. سپارتاکۆسە خنجیلانەکە تۆ فێری ئەوەمان دەکەیت ، بەدوای ئازادی خۆماندا بگەرێین و نەترسین ، تۆ پێمان دەڵێ: “من لەجێگەی ئەو بەرپرسانە ، تەریق دەبمەوە ئارەق دەڕێژم ” هەموومان تەریق دەبینەوە بەڵام تەریق بونەوەی ئێمە ئەوان شادمان دەکەن . تەریق دەبینەوەو دەچین دەنگیشیان پێدەدەین ، لەکردوەی خۆمان تەریق نابینەوە کەدەنگمان پێداون.
ئێمە لە منداڵێکی چوارساڵ چی داوادەکەین ؟ داوایەکی تایبەتمان نییە ، تۆ چێژ بەئێمەدەبەخشیت ، بەڵام من وەک خۆم دەمەوێت پێت بڵێم کە هیوادارم ئەوەی لەپشتی تۆوە کاردەکات باوکە یان دایک یان هەرکەسێکە خەتێکی دیاری کراوی هەبێت هاوڕێ خنجیلانەکەم تۆ سەیری “مەلالە یوسف زەی” بکە ئەو کچە پەشتونەیەی ئەمساڵ نۆبڵی ئاشتی بردەوە، ئەوکچەی شەمشەمەکوێرەکانی جەهل خەڵتانی خوێنیان کرد بەسێ گوللە ، ئەو هێڵێکی کێشا کە دەبێت ” هەموو منداڵێک کچ یان کوڕ مافی خوێندنی هەبێت” ئەو لەسەر ئەوە دەستی کردە کارکردن ، ئەو خوێندنی منداڵی کردە پەیامێک و مافێک بۆیە سەرکەوت . خۆزگە تۆش لەسەر منداڵ کارەکانت دەکرد . واز لەگەورەکان بێنە چونکە ئێوە سبەینێ نیشتمان دەگرنەدەست ، باشترین ڤیدیۆکلیپی تۆ لامن بەراوردی خۆراکی قوتابێکان بوو لەقوتابخانەکانەکاندا کە بڵاوتانکردۆتەوە.
خەونی تۆ خەونێکی هێندەجوانە من بەمگەورەی یە چێژی لێوەردەگرم هیوام دەداتێ . تۆ لە فلیمی کارتۆنی تۆم و جێری دەچیت ، گەورەکان چێژی زیاتر دەکەن بەبینینی ، من یەکێکم لەوانە عاشقی تۆم و جێریم ، هەست دەکەم لەڕۆحمەوە نزیکە ، ڤیدیۆ کلیپەکانی تۆش بەهەمان شێوە لەڕۆحی زۆرمانەوە نزیکە ،ئازیزە خنجیلانەکە . تۆ پێت ووتین هێشتا گەلێک لەسەر لێواری مردن نی یە . بۆ ئەوەی بتەوێت هەرچی یەک بگۆڕی پێویستت بەئازایەتیەکی کەم هەیە ، کەچی تۆ ئازایەتیەکی زۆرت تێدا دەبینم . هەموو ڕووداوەکانی ووڵاتی ئێمە وەک پەڵە هەور وان دێن دەچن ، خەڵک بیریان دەکات ، وەک ئەوەی شیاوی سەیرکردن نەبێت ،چۆن ئێمە سەیری هەور لەئاسماندا ناکەین . بەدبەختی ئێمە لەم وولاتەدا لەوابەستە بونمانەوە هەڵدەقوڵێت ، ئێمە وابەستەی شتگەلێکین کە نازانین چی یە ، ئاڵودەبووین بەقین ، ئاڵودەبووین بەترس ، بەشەڕ لاشەی سوتێنراو ،لاشەی کوژراو ، ئاڵودەبوین بەبانگی مەلا دەنگ ناخۆشەکان ، بەووتارە ترسناکەکانی ڕۆژانی هەینی ، بەترس لەخوا ، لەجەهەندەم ، کەکەسمان نازانین لەچجوگرافیەکدایە ؟
ئێمە لەنیشتمانێکدا دەژین کەڕۆژ هەڵدێ و ئاوادەبێت ، سەیری ناکەین چیژی لێنابینین ، مانگو ئەستێرەکان تۆراون لێمان ، شەوەکان لەبەر دوکەڵ ئەوان لێمانەوە دەر ناکەون و دڵمان خۆشناکەن. جریوەی چۆلەکەکانیش نابیستین ، دار نەماوە لەماڵەکانماندا باخچەکانمان هەمووی کردۆتە کۆنکرێت ،ئەوانیش ڕۆشتن لامان ، ئێمە دەمانەوێت سادمان بین بەڵام سادمانی ناناسین ، بۆ یە کاتێک تۆ ڤیدیۆیەک بڵاو دەکەیتەوە ئێمە لەتێڕوانینێوە هەستی شادمانیمان بۆ دەگەڕێتەوە . نماگیان ئێمە نائاگا ژیان دەکەین ، خەریکی جێبەجێکردنی ئەو کارانەین کە بۆیان دیاری کردووین ، بەدیار ئەو بەرنامە پوچانەوە دادەنیشین کە باسی بەدبەختیمان دەکات ، گوێ لەو گۆرانیە دەگرین کە چەندان دەفتەر دۆلار لەسەرمان کەوتوە . ئێمە خەریکی چین ؟ خۆشمان نازانین بۆ یە کە تۆی نما دەردەکەویت وەک کورەی هەنگ دەورت دەدەین ، دەبینە دووبەرە بەرەیەک خۆشمان دەوێیت و بەرەیەک سەنگەرت لێدەگرین ، ئێمەبیرمان چۆتەوە تۆ منداڵێکی چوار ساڵیت . ئێمە بەم هۆیەوە بچوکدەبینەوە چونکە نوساوین بە بەرژەوەندێوە . بەردەوام بە نماگیان سبەینێیەکی گەشت لێچاوەڕێ دەکرێت ، بەدڵ خۆشم دەوێیت ، لەئامێزت دەگرم .

رزگار رانگور

08.21.2015

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here