نچیرڤان بارزانی: لە ئێران ئاسۆیەک بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە رێگەی گفتوگۆوە بەدی ناکرێ

0
775

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ بەشی فارسیی دەنگی ئەمریکا وێڕای باس کردن لە خەباتی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵات، تۆمەتەکانی رژیمی تارانی لەسەر هەرێمی کوردستان رەت کردەوە.

نچیرڤان بارزانی لەو دیمانە تەلەفزیۆنییەدا رایگەیاند : هەتا ئێستا  ئێران خوازیاری چارەسەریی پرسی کورد لە رێگەی گفوگۆوە نەبووە و ئەگەریش بەستێنێکی ئەوتۆ بڕەخسێت زۆر خۆشحاڵ دەبین کە نێوبژیوانیی ئەو چارەسەرییە بکەین.

بارزانی لە وڵامی ئەو تۆمەتەکانی موحسین رەزایی لەمەڕ دامەزراندنی دوو پایەگای نیزامی لە هەرێمی کوردستان بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵات، رایگەیاند: عەرەبستانی سەعوودیش وێڕای وڵاتانی دیکە لە هەرێمی کوردستان کونسوولگەریی هەیە و لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆلێک کە لەگەڵ عێراق هەیەتی، چالاکی دەکات و ئەوەشێ کە دەگوترێ لێرە پایەگای نیزامی دامەزراندووە، دوورە لە راستی”.

پاسدار موحسین رەزایی لە رۆژانی رابردوودا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی یەکی رژیم، رایگەیاندبوو : “عەرەبستان لەسە رمەرزەکان دەگاتە هەر پێشمەرگەیەک پارەی پێ ئەدات و داوایان لێ دەکات لە ئێران چالاکیی نیزامی بکەن”. وتەکانی موحسین رەزایی بە ئەندازەیەک تەوساوی و دوور لە راستی بوون کە پێکەنینی خۆی و بەرێوەبەری بەرنامەکەی لێکەوتەوە.

نچیرڤانا بارزانی ویڕای سوپاس کردن لە حیزبی دیمۆکرات و کۆمەڵە، ئاماژەی بەوەش کرد: ئەوان زۆر جاران بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان‌یان لەبەر چاو گرت و هەوڵیان دا هەرێمی کوردستان ئاڵۆزی و کێشەی لێ دوور بێت.

کارناسانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە دەستپێکی خەباتی نوێی نەتەوەی کورد لە کوردستان و هەروەها دەستپێکی چالاکیی نیزامی لە لایەن نەتەوەکانی دیکەی ئێرانەوە و هەروەها پشتیوانیی راستەخۆی بەشیک لە وڵاتان لە بزووتنەوەی دژ بە رژیمی تاران و پشتیوانیی ئاشکرا و راستەوخۆی کۆماریخوازەکانی ئەمریکا لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ءیران، ترس و نیگەرانیی لێپرسراوانی رژیمی تارانی لەمەڕ رووخانی دەسەڵاتەکەیانی لێکەوتتۆتەوە.

حیزبی دیمۆکرات کە بەشێوەی بەربڵاو لە ناوخۆی کوردستانی رۆژهەڵات دەستی بە چالاکیی نیزامی و رێکخستن کردووە، لە ریزی ئەو حیزبە دژبەرانەی رژیم‌دایە کە دروشمی رووخانی رژیمی تاران ستراتژیی ئەو حیزبەیە، ستراتژییەک کە پشتیوانیی کۆماریخوازەکانی ئەمریکای بۆ رووخاندنی رژیمی تارانی لێکەوتۆتەوە.

چاوەڕوان دەکر لە ئەگەری سەرکەوتنی کۆماریخوازەکانی ئەمریکادا، چالاکیی نیزامی و هەروەها برین بوونەوەی شەر لە دژی رژیمی تاران لەلایەن حیزبە کوردییەکان و بەتایبەت حیزبی دیمۆکراتەوە چاوەڕوان دەکرێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت