ناونیشانی ١٨ بەندکراوی سیاسی کورد کە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندراوە

0
720

ڕۆژی کورد: ئێستا  ١٨ بەندکراوی سیاسیی کورد بە تاوانی ئەندامەتی یان هاوکاری کردنی پارت و حزبە سیاسییە کوردیەکانی دژبەری ڕژیم، لەلایەن “دادگای شۆڕش ی ئێران” سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندراوە و بڕیاری دادگاش لەم بارەیەوە لە لایەن “دادگای باڵای وڵاتی ئێران” بۆ زۆربەی ئەم کەسانە پشتڕاست کراوەتەوە و چەسپێندراوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی “ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤ ی کوردستان”، بنەماڵەی زۆربەی ئەم بەندکراوانە باسی ئەوەیان کردووە کە منداڵەکانیان  ئازار و ئەشکەنجەوە دراون و تەنانەت هەندێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان ئەوەشیان درکاندوە کە “وەزارەتی ئیتلاعات” دەستێوەردانی  لە ڕەوتی دادوەریدا کردووە و دۆسیەی ئەم کەسانە لەلایەن کارمەندان و کاربەدەستانی ئیتلاعاتەوە بە بەڵگەنامەی ساختە و درووستکراو ناوئاخن کراوە.

“ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤ ی کوردستان”،سەرەڕای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، خوازیاری ئەوەیە بەرپرسانی دادوەری بە جدیەت و ڕاڕایی زیاترەوە بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان خەریکی توێژینەوە ی باسوخواسی ئەم زیندانیە سیاسیانە بن و هەروەها بە متمانە و دڵنیایی زۆرترەوە سەبارەت بە یاسایی بوونی قۆناغە دادوەریەکانی پرۆسەی دادگایی لە سەر دەرکردنی “بڕیاری سێدارە”،لەمەڕ پێداچوونەوە بەم بڕیارانە دا هەنگاوی ڕاستەقینە هەڵبگرن.

ناوو ناونیشانی ١٨ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی یە کە بڕیاری لەسێدارەدرانیان لە لایەن دادگەی پێداچوونەوە و دادگەی باڵای وڵاتەوە جەخت کراوەتەوە لە خوارەوەدا هاتوە و بۆی هەیە لەهەر کات و ساتێکدا بڕیاری سزادانیان جێبەجێ بکرێ.

ناوو ناونیشانی ئەو زیندانیە سیاسیانەی وا ڕووبەڕروی سزای سێدارە بوونەتەوە برێتییە لەم کەسانەی خوارەوە:

١-زانیار مرادی ٢-مستەفا سەلیمی ٣-عەلی ئەحمەد سلێمان ۴-محەمەد عەبدوڵایی ۵- براییم عیساپوور ۶- بەختیار مێعماری ٧- ڕەزا مەلازادە ٨-هوشەنگ ڕەزایی ٩- لوقمان مرادی ١٠- عەبدوڵا سروریان ١١-ئەنوەر ڕۆستەمی ١٢- سەیدسامی حسێنی ١٣- سەید جەماڵ محەمەدی ١۴-سابیر شێخ عەبدوڵا ١۵-حسێن عوسمانی ١۶- دیاکۆ ڕەسوڵزادە ١٧- حەسەن فەرەجی ١٨- حەبیبوڵا لەتیفی

زانیاری و ناونیشانی تەواو:

١و٢- زانیار و لوقمان مرادی
زانیار و لوقمان مرادی یەک لەدوای یەک لە ١٣ و ١۴ی مانگی گەلاوێژی ١٣٨٨ی هەتاوی لە شاری “مەریوان” سەر بە پارێزگەی “سنە” دەسبەسەرکراون و لەسەر بڕیاری دادوەر”سەڵەواتی” لە بنکەی ژمارە١۵ی “دادگەی شۆڕشی تاران” لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ١٣٨٩دا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە “ڕێکخراوی کۆمەڵە”دا و هەروەها بە تۆمەتی “کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی مەریوان” تاوانبار کراون و سزای سێدارە بە سەریاندا سەپێندراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی “چالاکانی مافی مرۆڤ ی کوردستان” ئەم دوو بەند کراوە سیاسییە کوردەی بەندیخانەی “ڕەجایی شار”ی کەرەج بێ ئەوەی بەڵگەیەکی یاسایی بۆ دەسبەسەرکردنیان هەبێ هەتا ئێستاش لە ڕەوشێکی هەڵپەسێردراودا لە زینداندا ماونەتەوە. ئەوان بۆ دانپێدانان بە تاوانی کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی مەریوان، ئەشکەنجە دراون و سەرەڕای هەبوونی بەڵگەنامەی یاسایی و هۆکارە دیارەکان سەبارەت بە بێتاوان بوونی ئەم دووکەسە،سزای سێدارە بەسەریاندا سەپێندراوە.
بە پێی قسەکانی یەکێ لە کەسانی نزیک لەم دوو زیندانییە سیاسیە کوردەوە، دوایین دانیشتنەکانی دادگایی کردنیان لە گەلاوێژی ١٣٩٣دا لە کاتێکدا بەڕێوە چووە کە “ساڵەح نیکبەخت” پارێزەری ئەم پەروەندە هاوکات لەگەڵ ئەوەی باسی هەبوونی سێ شایەتحاڵی بۆ سەلماندنی بێتاوان بوونی زانیار و لوقمان مرادی هێناوەتە گۆڕێ داوای لە دادگەش کردوە بانگهێژی شایەتەکان بکات و بەمەش بڕیاری ئازادکردنی ئەم دووکەسە بدات.بەڵام دادوەری پەیوەندیداربە دۆسیەکەوە، بە بیانووی ناتەواو بوونی پەروەندەکە،دانیشتنی دیکەی دادگەی دواخستوە بۆکاتێکی دیکە و پاش سێ جار ناردنی پەروەندەکە بۆ مەریوان بە مەبەستی تاوتوێ کردن وپڕکردنەوەی کەموکۆڕیەکان،پەروەندەکە بێ ئەوەی دەسکاری کرابێ هەروەک خۆی گەڕێندراوەتەوە بۆ تاران.
بە گوێرەی درکێندراوەکانی ئەم سەرچاوە ئاگەدارەی پەروەندەی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە کوردە، بە هۆی دەستێوەردانی وەزارەتی ئیتلاعات و لەمپەر درووست کردن بۆ توێژینەوە و بەدواداچوون لە پرۆسەی ئەم پەروەندەدا،دوای ئەوەی بڕیاری بێتاوان بوونیان لە لایەن ئەو دادگەوە دەرچووە،زانیار و لوقمان مرادی تاکوو ئێستا بە بێ بەڵگە و هۆکاری یاسایی هێشتا لە زینداندا دەسبەسەر ماونەتەوە.
ئەم دوو بەندکراوە بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی قورس و جەرگبڕەوە لە سەردەمی لێکۆڵینەوەدا،تووشی زەبر و زەنگ هاتوون و گیرۆدەی چەند جۆرە کێشەی وەک” گرفتی یەکجار زۆری چۆک و ئەژنۆوباریکایی پشت و کەمەرو هێلکە گون” هاتوون و”داواکاری گشتیی تاران”یش لە ساڵانی ڕابردوودا دژایەتی داواکاریی چاودێری کردنی پزیشکی و گواستنەوەیان بۆ ناوەندە پزیشکیە تایبەتیەکانی دەرەوەی زیندانی کردوە و لە ئاکامدا وپاش بەدواداچونی شێلگیرانە،زانیارمرادی، دوو جاربە مەبەستی نەشتەرگەری لەسەر هێلکەگون گوازراوەتەوە نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان.
درێژەدانی بەندکردنی نایاسایی ئەم دوو زیندانیە سیاسییە کوردە لەکاتێکدایە تاکوو ئێستا زۆربەی ناوەندە نێونەتەوەییەکان و کەسایەتییە ناسراوەکان چەنای چەندجار خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە وپاشان ئازادکردنیان بوون.
“ڕێخراوی لێبوردەیی ناونەتەوەیی” ماوەیەک بەرلە ئێستا لە ڕاگەیێندراوێکدا سەرەڕای وەبیرهێنانەوە و ئاگادارکردنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران،داوای دەستڕاگرتن و وەستاندنی بڕیاری سێدارەی ئەم دوو زیندانیە سیاسیە کوردەی کردبوو.لەم ڕاگەیێندراوەدا هاتوە: لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی وا لە پەلامارێکدا دەستێوەردانیان نەکردوە دژکردەوەیەکی لەسەر بناغەی تۆڵە کردنەوەیە وبنەماکانی یاسای سزادان ڕووبەڕووی پرسیار دەکاتەوە.هیچ کەس نابێ سزا بدرێ بێ ئەوەی تاوانێکی کردبێ.
٣-هوشەنگ ڕەزایی
هوشەنگ رەزایی خەڵکی “نەهاوەند” لە بەڕواری ٢٩ی جۆزەردان ١٣٨٩ی هەتاوی لە تاران لە لایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات دەسبەسەرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ کەرتی ٢٠٩ی بەندیخانەی “ئێڤین” لە تاران.
ئەم بەندکراوە دوای کێشانی ئەشکەنجە و ئازارێکی فرە و فراوانی جەستەیی و دەروونی ،لە بانەمەڕی ١٣٩٠ی هەتاویدا پاش نزیکەی ساڵ و نێوێک بەندکران لە کەرتەکانی ٢٠٩و ٣۵٠ی بەندیخانەی ئێڤین گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی” ڕەجایی شار”ی کەرەج.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن بنکەی ژمارە١۵ی دادگەی شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر”سەڵەواتی”یەوە تۆمەتبارە بە “موحارەبە یان دژایەتی لەگەڵ اللە” لە ڕێگەی ئەندام بوون لە “ڕێکخراوی کۆمەڵە”وە.
بڕیاری لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە دووساڵی ڕابردوودا لەلایەن دادگەی باڵای وڵاتەوە جەخت کراوەتەوە و هەرچەندە داوای “سەرلەنوێ دادگایی کردنی” کردوەتەوە،بە هۆی ئەوەی بڕیاری “دادگەی سەرەتایی” جەخت کراوەتەوە،تاکوو ئێستا وەڵامی ئەم داواکاریە نەدراوەتەوە وئەوەی دیارە ئەگەری جێبەجێ کردنی بڕیاری سیدارە وەک خۆی ماوەتەوە.
۴- ڕەزا مەلازادە
ڕەزا مەلازادە کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی “ئاشناک” سەر بە شاری “سەڵماس” لە کۆتایی هاوینی ١٣٩٠ی هەتاویدا لە دەروازەی شاری “پاوە”دا لەلایەن “سوپای پاسداران”ەوە دەسبەسەرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ یەکێ لە گرتووخانەکانی سوپای پاسداران لە شاری “کرماشان”.
ناوبراو دوای بینینی ئازار و ئەشکەنجە یەکی زۆری جەستەیی و دەروونی لە دادگەی شۆڕشی ئیسلامی دا ڕووبەڕووی تۆمەتی “موحارەبە یان دژایەتی کردنی اللە” لە ڕێگەی هاوکاری کردنی “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک” کرا وسزای سێدارە بە سەریدا سەپێندرا.ئەوەندەی نەخایاند بڕیاری سێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییەی خەڵکی سەڵماس لە بەفرانباری١٣٩١دا لە لایەن “دادگەی باڵای وڵات”ەوە جەخت کرایەوە بە جۆرێک دوای ئەم جەخت کردنەوە ئەگەری جێبەجێکردنی سزای سێدارە بەهێزە و ناوبراو لە ژێر مەترسی سێدارەدایە.
ئەم زیندانیە سیاسییە ئێستاکە لە بەندیخانەی”ورمێ”دایە.
۵- سەید جەماڵ محەمەدی
سەید جەماڵ محەمەدی دانیشتووی گوندی “حەفتەوان”ی سەر بە شاری “سەڵماس” لە ١۵ی جۆزەردان ی ١٣٨٧ی هەتاوی،لە لایەن کاربەدەستانی ئیتلاعاتەوە لە بازگەی “گەرووی شیرازی” لە سەرەوەی “تازەشار”ی سەڵماس لەگەڵ” سەید سامی حسێنی” دەسبەسەر کراوە.ناوبراو نزیکەی چوارمانگ ئەشکەنجە و زەبر و زەنگی جەستەیی و دەروونی کێشاوە لە گرتووخانەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە “ورمێ” و “سەڵماس”دا.پاشان ئەم دووکەسە گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ورمێ.
ئەم دوو بەندکراوە لە درێژەی دوو خولی دانیشتنی دادگە یەکیان لە بەڕواری٢٠ی ڕەزبەڕی١٣٨٧ی هەتاوی لە بنکەی یەکەمی لێپێچینەوە و ئەوی دیکە لە بنکەی یەکەمی دادگەی شۆڕشی ئیسلامی لە بەڕواری١۴ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێ لە پارتە کوردیەکان سزای سێدارە یان بەسەریاندا داسەپاند.
ئەم بڕیارە دوای داوای تێهەڵچوونەوە گەییشتە دادگەی تێهەڵچوونەوەی پارێزگەی ورمێ وهەمان بڕیار، دیسانەوە جەخت کرایەوە.
دوای بەدواداچونەکانی “خەلیل کیان”،پارێزەری ئەم بەندکراوە،پەروەندەکە نێردرایە”دادگەی باڵای ئێران” .
ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە ئێستا لە بەندیخانەی “ناوەندیی ورمێ”دایە و سەچاوەیەکی نزیک لە پەروەندەکە بە “ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان” ی ڕاگەیاند ،ساڵی ڕابردوو داوای”دەستپێکردنەوەی دادوەری” بۆ ئەم دوو بەندکراوە قەبووڵ کراوە.
۶- سەید سامی حسێنی
سەید سامی حسێنی لەدایکبووی ساڵی ١٣۵٨ی هەتاوی و دانیشتووی گوندی”حەفتەوان” سەر بە شاری “سەڵماس” لە ١۵ی جۆزەردان ١٣٨٧ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات لە بازگەی پشکنینی”گەرووی شیرازی”سەرووتر لە “تازەشار”ی سەڵماسلەگەڵ سەید جەماڵ محەمەدی(هاودۆز لە بڕیاری سیدارەدا)دەسبەسەر کرا.
ئەم دوو بەندکراوە دوای بینینی ئازار و ئەشکەنجەیەکی فراوانی جەستەیی و دەروونی لە دوو خولی دانیشتنی دادگە یەکیان لە٢٠یڕەزبەر١٣٨٧ی هەتاوی لە بنکەی یەکەمی لێپێچینەوەی دادگە و ئەوی دیکەیان لە بنکەی یەکەمی دادگەی سۆڕشی ئیسلامی لە شاری “خۆی” لە ١۴ی سەرماوەزی هەمان ساڵدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ئێستا لە بەندیخانەی ورمێ دا دەسبەسەرە.
٧-عەبدوڵا سروریان
عەبدوڵا سروریان چالاکێکی سیاسی کوردە کە لەلایەن “ئیتلاعات ی سوپای پاسداران”ەوە دەسبەسەر کراوە و تۆمەتی “موحارەبە یان دژایەتی کردن لەگەڵ اللە” لە سۆنگەی هاوکاری کردنی “حزبێکی کوردی” یەوە دراوەتە پاڵی و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.ئەم زیندانیە سیاسییە چەندساڵ پێش ئێستا بە مەبەستی دیداری خزمێکی سەردانی باشووری کوردستانی کردوەو لەکاتی گەڕانەوەدا لە مەڵبەندێکی سەر بە سنوورەکانی دەروازەی باشماخ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.عەبدوڵا سروریان خەڵکی سنەیە و ماوەی ٢۵ ساڵ لە ئارتەشی ئێراندا کاری کردوە.
عەبدوڵا سروریان لە دادگەی سەربازی سنەدا تۆمەتی “سیخوڕی وهاوکاری کردنی یەکێ لە حزبە کوردی”یەکان دراوەتە پاڵی و سزای سێدارە بە سەریدا سەپێندراوە.ئێستا لە زیندانی ورمێ دا بەندکراوە.

٨-بەختیار مێعماری
بەختیار مێعماری تەمەن ٣۵ساڵ،خەڵکی مەریوان ،لە بەڕواری ١٣ی گەلاوێژ١٣٨٩ لە لایەن هێزە کانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە مەریوان دەسبەسەرکراوە.ڕۆژێک پاش دەسبەسەرکردن گوازراوەتەوە بۆ گرتووگەی” ناوەندی هەواڵگری ئۆفیسی ئیتلاعات” لە سنە و ماوەی سێ مانگ لە ژێر لێکۆڵینەوە دا بووە.
خولی دانیشتنەکانی دادگە سەبارەت بەم بەندکراوە لە “دادگەی سزادانی پارێزگەی تاران” بەڕێوە چوون و “دادگەی سزادانی پارێزگەی سنە” لە بەڕواری ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٠،بە تۆمەتی “پیاوکوژی”و لەسەر سکاڵای بنەماڵی کوژراوان،بڕیاری قەساس واتە “تۆڵەکردنەوە بە کوشتن”ی بە سەردا سەپاند.
هەروەها دادگەی شۆڕشی مەریوان بە بۆختانی”موحارەبە یان دژایەتی کردنی اللە” بڕیاری سێدارەی بۆ دەرکردوە.
بەختیار مێعماری هەتا ئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندیی لە سنەدا دەسبەسەر کراوە.
٩- مستەفا سەلیمی
مستەفا سەلیمی خێزاندار،دانیشتووی سەقز،لە بەڕواری١۶ی خاکەلێوەی١٣٨٢ی هەتاوی،لە شاری نەهاوەند لە لایەن هێزەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات دەسبەسەر کراوە.دوای گواستنەوە بۆ “گرتووگەی ئیدارەی ئاسایش”ی شاری سەقز و دوای بینینی ئەشکەنجە و ئازارێکی فراوانی جەستەیی و دەروونی و پێڕاگەیاندنی تۆمەتی “موحارەبە واتە دژایەتی کردنی اللە” لە سۆنگەی ئەندامەتی لە”حزبە کوردیە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی” و چەتەیی ( دزین بە زەبری چەکوچۆڵ) لە لایەن دادوەری بنکەی یەکەم ی دادگەی شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتی “دادوەر گەودینی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
لەپاش بەرزکردنەوەی داوانامەی پێداچوونەوە لەلایەن پارێزەرەکانیەوە واتە”سەعید شێخی” و “سەیدجەماڵ حیسامی”،پەروەندەکە بە مەبەستی پێداچونەوە بە سەر بڕیاری دادگە بۆ بنکەی ٣١ی تێهەڵچوونەوەی دادگەی باڵای وڵات بەڕێ کرا بەڵام بڕیارەکە جەخت کرایەوە.
مستەفا سەلیمی پێشتر بە گرێبەست کاری بۆ کۆمپانیای گاز کردوە،خەڵکی گوندی “ئیلو”ی مەلبەندی “تیلەکۆ”ی سەقزە و لە ساڵی١٣٨٠ی هەتاویدا بووە بە ئەندامی یەکێ لە حزبە دژبەرەکانی کورد و نزیکەی سێ ساڵ هاوکاری ئەو حزبە سیاسییەی کردوە. دەڵێن ئەم زیندانییە سیاسییە وا سزای سێدارەی بۆ دەرچووە لە کۆتایی ساڵی ١٣٨٢دا وازی لە هاوکاری کردنی ئەو حزبە هێناوە ودوای ئەوە لە نەهاوەند لە ماڵ خوشکەکەیدا ژیانی بەسەر بردوە.هێزە ئەمنیەتیەکان هەرلەو کاتەدا دەسبەسەریان کردوە و دوای گواستنەوەی بۆ ئۆفیسی ئیتلاعات و دادگەکانی سنە و سەقز بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی وڵات لە ڕێگەی موحارەبە واتە دژایەتی کردنی اللە وە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
داوانامەی تێهەڵچوونەوەی مستەفا سەلیمی لە دادگەدا و پاشان لە “کۆمیسیۆنی لێبوردن ولێخۆشبوون”ی دەزگای دادوەری ڕەت کرایەوە.ناوبراو ماوەیێکیش لە بەندیخانەی “ڕەجایی شار”ی کەرەج بەندکراوە.
ئەم هاوڵاتییە سەقزیە منداڵێکی هەیە و ئێستاش بەگوێرەی جەخت کردنەوەی بڕیاری سێدارە لە لایەن دادگەی باڵای وڵاتەوە لە ژێر مەترسی جێبەجێکردنی زووبە زوویی سزای سێدارەیە.
مستەفا سەلیمی ئێستا لە زیندانی شاری سەقز بەند کراوە.
١٠- ئەنوەر ڕۆستەمی لە بانەمەڕی ١٣٨٧ی هەتاویدا دەسبەسەر کراوە و بە تۆمەتی موحارەبە واتە دژایەتی کردنی اللە لە سۆنگەی هاوکاری کردنی حزبە دژبەرە کوردیەکانەوە سزای سێدارەی بۆ دەرچووە و ئێستاش لە بەندیخانەی “ماکۆ”دا دەسبەسەرە.
١١-محەمەد عەبدوڵایی
محەمەد عەبدوڵایی ڕۆژی ۴ی خاکەلێوەی ساڵی١٣٨٩ی هەتاوی کاتژمێر١٢ی نیوەشەو لە گەڕەکی”باخی شایەگان”ی مەهاباد کەوتوەتە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی “پاراستن و هەواڵگری “سوپای پاسداران و بریندار کرا و پاشان دەسبەسەر کرا.هێزەکانی سەر بە پاراستن و زانیاری سوپای پاسداران هەر ئەو شەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سەربازی سوپای پاسداران لە ورمێ گواستیانەوە و دوای چەند کاتژمێرکە لەو نەخۆشخانە وا خەوێندرا بوو بردوویانە بۆ گرتووگەی پاراستن و زانیاری سوپای پاسداران لە ورمێ.
ئەم زیندانیە کوردە تەمەنی ٣۵ ساڵە و خێزاندارە و دانیشتووی شاری بۆکانە و بەتۆمەتی موحارەبە واتە دژایەتی کردنی اللە لە ڕێگەی هاوکاری کردنی ڕێکخراوی سیاسی “کۆمەڵە” لەلایەن بنکەی یەکەمی دادگەی شۆڕشی مەهابادەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.ئەم بڕیارە ڕۆژی یەکشەمە ١۴ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بە فەرمی لە لایەن ناوەندی جێبەجێ کردن”ی گرتوخانەی مەهاباد”ەوە پێی ڕاگەیێندراوە.لە هەمان ساڵدا بڕیارەکە لە لایەن دادگەی باڵای وڵاتی ئێرانەوە جەخت و بڕ کرایەوە.
سەرچاوە ئاگەدارەکانی نزیک لەم زیندانیە سیاسییە دەڵێن لە ماوەی لێکۆڵینەوەدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە کەوتوەتە بەر پەلامارو ئەشکەنجەی جەستەیی زۆرەوە هەتا ئەو ڕادەی دەست و پێی شکێندراوە و بە هۆی پێڕانەگەییشتنی پزیشکییەوە و ڕاگیرکردنی لە ژووری تاکەکەسیدا،ئێسکی لاقی خراپ گرساوەتەوە و ئێستا پێی لار و خوار بووە.ئەم گرتووە سیاسییە بە هۆی ئەشکەنجەی بەردەوامەوە،چەند ددانی شکاوە و ئەمەش بووە بە هۆکاری تووشبوونی ناوبراو بە گرفت لە هەناو و بەشی هەرس کردندا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ئێستا لە زیندانی ورمێدا دەسبەسەرە.
١٢- عەلی ئەحمەد سلێمان
عەلی ئەحمەد سلێمان بەندکراوی سیاسی بە ڕەگەزنامە عێراقی یە و لە لایەن دادگەی گشتیی لە دووهەم خولی دادگایی کردندا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
بنکەی ژمارە پێنجی دادگەی گشتیی ورمێ لە کاتێکدا ئەم زیندانیە سیاسیەی بە تۆمەتی کوشتنی دوو کەس لە ئەندامانی “سوپای پاسداران” سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندوە کە ناوبراو هیچ جۆرە دانپێدانانی لەم بارەوە نەکردوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی کەسانی ئاگەدار،دادوەری پەروەندەکە تەنیا لە سەر داوای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ و بێ ئەوەی بەڵگەیەک بەدەستەوە هەبێ سەبارەت بە چالاکییەک کە بووبێ بە هۆی کوژرانی دوو ئەندامی سپای پاسداران سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندوە.عەلی ئەحمەد سلێمان لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگایی کردندا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و بە هۆی ئەوەی خەڵکی وڵاتێکی دیکەیە و ئێرانی نیە کەس بەدواداچون بۆ پەروەندەکەی ناکات.سەرچاوەیەکی ئاگەدار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێ بە کەمپەینی راگەیاندوە: دوایین جار کە ئەم بەندکراوە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ئیتلاعاتی ورمێ ،داوایان لێکردوە بکوژەکانی ئەو دوو پاسدارە بناسێنێ وناویان بهێنێ و ئەگەر ئەم کارە نەکات ئەوە تۆمەتی کوژرانی ئەو دووکەسە دەدرێتە پاڵ ئەوانەوە.عەلی ئەحمەد سلێمان لە کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا لەبەر ئەوەی لەناو زیندانەوە پێوەندی لەگەڵ “ئەحمەد شەهید” و ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی سنووری ئێران کردوە تۆمەتی “پڕۆپاگەندە دژ بە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی”دراوەتە پاڵی و سزای یەک ساڵ بەندکردنی تەعزیری بەسەریدا سەپێندراوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی ١۴ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە بەشی ١٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ وە گوازراوەتەوە بۆ بەشی ٩ی بەندیخانەی ناوەندیی تەورێزکە زیندانێکی تایبەت بە بەندکراوانی سزادراو بە تۆڵەی کوشتن یان قەساس ە و ئێستاش لەوێ دەسبەسەرکراوە.
شایەنی باسە عەلی ئەحمەد سلێمان نزیکەی شەش ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پژاک دا دەسبەسەرکراوە وسزای پێنج ساڵ بەندکردنی تەعزیری بە سەریدا سەپێندرا بوو. سەرەڕای تەواو بوونی ماوەی سزادرانەکەی ڕێگری کراوە لە ئازاد کردنی.
١٣-براییم عیسا پوور
ئەم زیندانییە سیاسییەی دانیشتووی شارەدێی “نەڵاس” سەربە سەردەشت لە بەڕواری ١۶ی پوشپەڕی١٣٩٠دا لە لایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و ناوبراو دوای بینینی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی ،پاش مانگ و نیوێک لە ژوورە تاکەکەسیەکان،گوازرایەوە نەخۆشخانەی مەهاباد.
ئەم بەندکراوە لە پەروەندەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ “سیروان نژاوی” لە بەڕواری ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩١دا لە لایەن دادگەی شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حزبێکی کوردی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.هەروەها لە بەڕواری١٢ی بانەمەڕدا لە بەندیخانەی مەهابادەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ و دوای داوای بەرپەرچدانەوەی بڕیاری دەرچوو،پەروەندەکەی بە مەبەستی تێهەڵچوونەوە نێردرایە دادگەی پێداچوونەوەی پارێزگەی ورمێ.ئەم بڕیارە لە کۆتاییدا لە بنکەی ژمارە٣١ی دادگەی باڵای وڵات جەخت کرایەوە و بە ناوبراو ڕاگەیێندرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە لەگەڵ سیروان نژاوی،سامان نەسیم،عەلی ئەفشاری،حەیبەڵا ئەفشاری و وێنس ئاغایان،لە کۆتایی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە بەشی ١٢ی بەندیخانەی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.دواتر دەرکەوت”براییم عیسا پوور” و “سیروان نژاوی” لە لایەن بەرپرسانی ئەمنیەتی و دادوەری ئێرانەوە گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی تەورێز کە ڕۆژی یەکشەمە ١٨ی گەلاوێژی ١٣٩۴ی هەتاوی بڕیاری سێدارەدانی سیروان نژاوی،بەندکراوی سیاسی کورد لە زیندانی تەورێزدا جێبەجێ کرا.
براییم عیسا پوور هەتا ئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێزدا دەسبەسەر کراوە.
١۴- سابیر شێخزادە ١۵- حسێن عوسمانی ١۶- دیاکۆ ڕەسوڵزادە
ئەم سێ چالاکە سیاسییە کوردەی خەڵکی مەهاباد لە بەڕواری ١٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩۴ی هەتاوی لە لایەن بنکەی یەکەمی دادگەی شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر”ئەحمەد جەوادی کیا” بە تۆمەتی ” موحارەبە واتە دژایەتی کردنی اللە” بە ئەنجامدانی چاندنی بۆمب و ئەندامەتی لە ڕێکخراوی سیاسی “کۆمەڵەە”ە”وە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاندوون.ئەم سێ زیندانیە سیاسییە کوردە لە بەڕواری ١٢ی ڕەشەمێی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا واتە حسێن عوسمانی لەگەڵ دیاکۆ ڕەسوڵزادە لە خانووی خۆیاندا و سابیر شێخ عەبدوڵاش لە ڕۆژی ٢۴ی ڕەشەمێدا لە مەهاباد دەسبەسەر کراون و هەرسێکیان گوازراونەتەوە بۆ گرتووخانەی ئەمنیەتی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری ورمێ.
ئەم سێ چالاکە سیاسییە کوردە لە سێ مانگی یەکەمی گرتندا بە شێوازێکی دژوار کەوتوونەتە ژێر ئەشکەنجەی زۆری جەستەیی و دەروونییەوە و زەختیان لێکردوون دانپێدانانی تەلەڤیزیۆنی بکەن.
هەر سێ زیندانی سیاسی نزیکەی یەک ساڵ لە گرتووخانەی ئەمنیەتی شاری ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون و پاشان لە ناوەڕاستی مانگی ڕەشەمێی ساڵی ڕابردوودا لە دادگەی شۆڕشی شاری مەهاباددا و دوای دەرچوونی بڕیاری سزادان بە تۆمەتی بەشداری کردن لە نانەوەی بۆمب و ئەندامەتی لە ڕێکخراوی کۆمەڵەدا گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.هەرسێکیان بۆیان نەبووە داوای پارێزەر بکەن و حسێن عوسمانی لە دادگەدا هاوکات لەگەڵ ڕەتکردنەوەی ئەو دانپێدانانە وا لە پەروەندەکەیدا نووسراوە بە دادوەر جەوادی کیا ڕادەگەیێنێ لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی فراواندا ئەم دانپێدانانەی کردوە و ئاسەواری ئەشکەنجەکانی سەر جەستەی نیشانی دادوەر داوە بەڵام دادوەر گوێی نەداوەتە ئەم بەرگریکردنانەی حسێن عوسمانی.
شایەنی باسە وەزارەتی ئیتلاعات لە ٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی دا لە ڕاگەیێندراوێکدا باسی دۆزینەوەی تیمێکی چەندکەسیی سەر بە حزبی کۆمەڵە وباسی دەسبەسەرکردنی ئەوان لە ئێراندا کردبوو.
لە هەمان بەڕواردا سایتی “بوڵتەن نیوز” یەکێ لە سایتەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە گوایە دووکەس سەربەم تیمە ڕایانکردوە و ٣کەسی دیکەش بە ناوی دیاکۆ ڕەسوڵزادە،حسێن عوسمانی و ساڵەح شێخ عەبدوڵا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کردوە.
هەروەها ناوەندی پەیوەندیەکانی گشتیی وەزارەتی ئیتلاعات لەم بارەوە ڕایگەیاندوە کە دەسبەسەرکراوەکان لە ٣١ی خەرمانانی ١٣٨٩دا دەستیان داوەتە بۆمب نانەوە لە ناو ژنان و منداڵانی بەشدار لە ڕێوڕەسمی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە مەهاباد و بەو تەقینەوەش ١٢کەس کوژراون و ۴٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای ئەم ڕووداوە و لە هەمان ساڵدا واتە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی و دوای ڕووداوی تەقینەوەی مەهاباد ،عەبدوڕەسوڵ مەحموودئابادی فەرماندەیەکی پایەبەرزی سپای پاسداران لە گوتوبێژێکیدا لەگەڵ “ئاژانسی هەواڵنێری فارس”ڕایگەیاندبوو ٣٠ کەس لە بکەرانی سەرەکی ڕووداوی تەقینەوەی مەهاباد کوژراون.
مەحمودابادی فەرماندەی ئەوکاتەی “قرارگاه سیداشهدا”ی سپای پاسداران بە ئاژانسی فارس ی گوتبوو٣٠کەس لە بکەران و ئەنجامدەرانی سەرەکی لە تەقینەوەکەی ڕێوڕەسمی ڕێژە وسانی هێزەکانی چەکداری ئێران لە مەهاباد لە تێکهەڵچوونێکی چەکداری نێوان ئەوان وهێزەکانی ئیتلاعات و پۆلیس دا لە مەهاباد کوژراون.
هاوکات”محەمەد پاکپور”فەرماندەی ئەوکاتەی هێزە وشکانیەکانی سوپای پاسداران باسی کوژرانی ئەنجامدەرانی سەرەکی تەقینەوەکەی مەهابادی لە میانەی تێکهەڵچوونێکی سەربازیدا کردبوو.هەرچەندە سەرچاوە ناوچەییەکان و خەڵکی مەهاباد ئەم هەواڵەیان پشتڕاست نەکردەوە.ئێستا دوای چەند ساڵ لە تێپەڕ بوون بەسەرڕووداوی تەقینەوەکەدا وەزارەتی ئیتلاعات باسی ئەوە دەکات تیمێکی تێرۆریستی دۆزیوەتەوە و ئەندامەکانی دەسبەسەر کردوە کە دەستیان لە تەقینەوەکەی مەهاباددا هەبووە .
حسێن عوسمانی دانیشتوویێکی کوردی شاری مەهابادە و دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمێی ١٣٩٢ی هەتاوی لە خانووی خۆیدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بێ ئەوەی بڕیاری دەسبەسەرکردنی درابێ گیراوە و تەمەنی ۵٠ساڵە و خێزاندارە.
سابیر شێخ عەبدوڵا یەکێکی دیکەی ئەم سێ بەندکراوە لە مەهاباد دەسبەسەر کراوە.ناوبراو خەڵکی مەهابادە و خوێندکاری قۆناغی کۆتایی ماستەر لە بواری “بیمە” لە زانکۆی “عەلامە تەباتەبایی” تارانە و لە ٢۴ی ڕەشەمێی ١٣٩٢دا دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ مەهاباد لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کراوە.
سابیرشێخ عەبدوڵا لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی و لە ژێر سەرپەرشتی کردنی باوکیدا وا خەریکی بۆیاخ کردنی ماڵانە لە مەهاباد لە کوردستان گەورە بووە.لە ساڵی ١٣٨۵دا دەچێتە زانکۆی “پیام نور”ی ورمێ و لە بواری “ژمێریاری و ئاماردا” درێژە بە خوێندن دەدات و ساڵی ١٣٩٠ لەم زانکۆ بڕوانامە وەر دەگرێ و حەوت مانگ سەربازی دەکات و دوای ئەوەی وەردەگیرێتەوە لە زانکۆدا بۆ خوێندن لە بواری ماستەر دەچێ بۆ زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە تاران.
باوکی سابیر پێشتر بە ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوتووە : کوڕەکەم مرۆڤێکی هێمن و لە سەر خۆ بووە و دژی خوێنڕژتن بوو.هیچکات چالاکی سیاسی و کولتوری و کۆمەڵایەتی لە درێژایی ئەم ساڵانەدا نەبووە و تەنانەت بە پێچەوانەوەی ئەم سێناریۆ دەسکردە،جارێکیش سەردانی باشووری کوردستانی نەکردوە.
دیاکۆ رەسوڵزادە کە پێشتر ناوی لە ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتدا هاتوە،تەمەن ٢٢ساڵ و کوڕی ساڵح لە بەڕواری ١١ی ڕەشەمێی ١٣٩٢ی هەتاویدا لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەسبەسەر کراوە.ناوبراو خەڵکی گوندی دریاز سەر بە شاری مەهابادە.
خزم و کەسانی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن جۆری تۆمەتەکان وا دراونەتە پاڵ ئەو بەندکراوانە و وەزارەتی ئیتلاعات سەبارەت بەم سێ کەسە باسی دەکات، لەگەڵ هزردا یەکناگرێتەوە،یەکێ لە خزمانی حسێن عوسمانی دەڵێ:ئەو کەسە هاووڵاتیەکی ئاسایی ئەم کۆمەڵگەیە و ئەم جۆرە تۆمەتانە لە بنەڕەتەوە درۆیە و گشت ئەو کەسانەی حسێن عوسمانی دەناسن دوای بیستنی ئەم هەواڵە و جۆری درووست کردنی ئەم پەروەندە عەبەساون.
لەلایێکی دیکەوە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو ڕایگەیاندوە ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکردنیان لە گرتووخانەی ئیتلاعاتدا،لە ژێرلێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی هەرە دژواردا ڕووبەڕووی زەختێکی بەرفراوان کراونەتەوە بۆ ئەوەی دانپێدانانی تەلەڤیزیۆنی بکەن.کاربەدەستان ئەوانیان خستبووە ژێر زەبر و زەنگەوە بۆ ئەوەی دانپێدانان بۆ ئەم تۆمەتە هەڵبەستراوانە بکەن.
ئێستا ئەم سێ بەندکراوە کوردە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ دا دەسبەسەر کراون.
١٧- حەسەن فەرەجی
حەسەن فەرەجی کوڕی عەبدوڵا تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی بۆکان لە ۵ساڵ پێش ئێستاوە لە بەندیخانەی ورمێ دەسبەسەر کراوە.
ئەم بەندکراوە دوای نزیکەی ١۴ مانگ لە پاش دەسبەسەر کردنی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان،توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.
ناوبراو بە تۆمەتی”ئەندامەتی و پڕۆپاگەندە بۆ حزبێکی کوردی” دەسبەسەر کراوە وخراوەتە زیندانەوە و لە کۆتاییدا بەم تۆمەتە سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە.
بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە دەڵێن حەسەن فەرەجی دوای دەسبەسەر کردن ماوەی چەندمانگ کەوتوەتە بەر شاڵاوی ئەشکەنجەوە.
دادوەری دادگەی شۆڕشی ورمێ بە حەسەن فەرەجی گوتووە “دژە شۆڕش” و ” ئاژاوەگێڕ” و پێی گوتووە بە دڵنیاییەوە سزای سێدارە شیاوی ئەوە.
ئەم بەندکراوە هەتا ئێستاش لە زیندانی ورمێ دایە.
١٨- حەبیبوڵا لەتیفی
حەبیبوڵا لەتیفی لە دایکبووی ١ی خاکەلێوەی ١٣۶١ی هەتاوی خوێندکاری بواری ئەندازیاری پیشەسازی زانکۆی “پەیام نوور”ی ئیلام بووە ولە سەرەتای خەزەڵوەری ١٣٨۶دا لە شەقامی “ئەدەب”ی سنە لە لایەن هێزەکانی ناوەندی هەواڵگری ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.دوای چوار مانگ ڕاگیرکردن لە ژووری تاکەکەسی لە گرتووخانەی ناوەندی هەواڵگری ئیدارەی ئیتلاعات ی سنە باسی ئەوە دەکرێ پاش زەبروزەنگ و ئەشکەنجەی بەرفراوان تووشی خوێنبەربوونی هەناو هاتووە و سەری شکاوە وبۆ زیندانی ناوەندیی سنە گوازراوەتەوە.لەبەڕواری١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٧دا لە بنکەی ژمارە ١ی دادگەی شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر”بابایی” بە تۆمەتی “موحارەبە واتە دژایەتی لەگەڵ اللە”و ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) دادگایی کرا و سەرەڕای بەرپەرچدانەوەکانی پارێزەرەکانی واتە ساڵح نیکبەخت و نێعمەت ئەحمەدی ،سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
دوای جەخت کردنەوەی سزای سێدارە لە لایەن دادگەی پێداچوونەوە،لە کۆتاییدا دادگەی باڵای وڵات لە بەڕواری ١۶ی ڕەشەمێی١٣٨٨دا ئەم بڕیارەی بە شێوازی” سەرزارەکی” بە پارێزەری ئەم بەندکراوە ڕاگەیاندوە.
بڕیاری سێدارە بە پێی ئەو بەڵێنەی بە پارێزەرەکەی درا بوو دەبوا لەڕۆژی ۵ی بەفرانباری١٣٨٩دا لە بەندیخانەی سنەدا جێ بە جێ بکرێ بەڵام بە هۆی داوای لێبوردن لە لایەن دایک و باوکیەوە،”داواکاری گشتی سنە” بڕیاری ڕاگرتنی جێبەجێ کردنی سزای سێدارەی داوە.
پێشتر دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزای سێدارەی ئەم زیندانییە سیاسییە بڵاو ببوەوە . لەم بارەوە یەکێ لە کەسانی نزیک لە حەبیبوڵا لەتیفی بە ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی ڕاگەیاندوە: کۆمیسیۆنی لێبوردن ولێخۆشبوون ئەوداواکارییەی سەبارەت بە داشکاندنی یەک پلە لە سزای سێدارەی پەسەند کردوە بەڵام هێشتا ئەم حوکمە بە دادگە ڕانەگەیێندراوە و وەزارەتی ئیتلاعات دژی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سێدارەی ئەم بەندکراوەیە و بەداخەوە حەبیبوڵا لەتیفی هێشتا لە ژێرهەڕەشەی سێدارەدایە و مەترسی لە سێدارەدرانی لەسەرە.
ئەم بەندکراوە ئێستا لە گرتووخانەی ناوەندیی سنەدا دەسبەسەرە.

“ناوەندی چاڵاکانی مافی مرۆڤی کوردستان” لە سەر ئەو باوەریە کە بەندکراوانی سیاسی کوردی مەحکوم بە ئێعدام لەم رێژە زۆرترن وا لەم راپۆرتەدا ناویان هاتووە، بویە داوا دەکات لەو کەسانە کە لەم بارەیەوە ئاگادارن و یان زانێاری زۆرتریان لایە بۆ ئەم ناوەندە بەری کەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت