قەدەمی نابەخێری ناوە ئازەرییەکان مهابادیشی تەنیوەتەوە/ڕاپۆرت

0
1631

ڕۆژی کورد: بە گوێرەی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە مهاباد، ماوەیەکە ناوی ئازەری لەو باژێڕە ڕوو لە زیاد بوونە و هەندێ شوێن بە ناوی ئازەری لەو باژێڕە کراونەتەوە.

یەکێک لە شوێنەکان نانەواخانەیەکە بە ناوی “ئازەربایجان” کە لە فەلەکەی ئەسغەریی ئەو باژێڕە کراوەتەوە.

یەکێکی تر لە شوێنەکانی تر دوکانێکە بە ناوی “سوڵدوز” کە لە فەلەکەی مامۆستا ماملێ لە مەیدانی ئیستقلال و لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوو داندراوە.

هەڵوێستی پان تورکەکان لە هەمبەر ناوی مهاباد لەسەر دوکانێک لە تورێز
هەڵوێستی پان تورکەکان لە هەمبەر ناوی مهاباد لەسەر دوکانێک لە تورێز

دانانی دوکان و شوێن بە ناوی تورکیی واتادار و بەمەبەست، لە حاڵێکدایە کە دانانی دوکانێک بە ناوی مهاباد لە باژێڕی تەورێز، ناڕەزایەتیی پان تورکەکانی لە دونیای مەجازیدا لێکەوتۆتەوە.

لە هەمان کاتدا وەک پێشتر لە ڕۆژی کورد، خراوەتە بەر باس، ناوی تورکی و ئازەری لە باژێڕی نەغەدە بە شێوەیەکی یەکجار بەرچاو پەرەی سەندووە.

تا ئێستا ناوی چەندین شوێن و فەلەکە و شوێنی گەشتیاری لەو باژێڕە بە تورکی داندراون کە دەکرێ ئاماژە بەو ناوانە بکەین: “شەقامی قەرەپاپاق، مەیدانی قالاباشی، یئدی گوز، بڵواری ستارخان، پارکی قیرخ پیللە، بڵواری ئازەربایجان”.

سەر دەرگای مزگەوتێک لە ورمێ
سەر دەرگای مزگەوتێک لە ورمێ

دانانی ناوی تورکی بە زاراوەیەکی زۆر خەست و خۆڵی تورکی لە سەر باژێڕ و شوێنەکانی لە نەغەدە و ئورمیە، لە حاڵێکدایە کە تا ئێستا چەندین جار و بە شێوەیەکی بەربڵاو و بە زەخت و گوشار، ناوە کوردییەکانی سەر شوێن و تەنانەت دوکانی تاکەکەسیی کوردەکان لە ئورمیە، سڕاونەتەوە و بە خاوەنەکانیان گۆڕیون”.

هەروەها شارەوانیی نەغەدە جیا لە گۆڕینی ناوەکان و دانانی ناوی تورکی و پێشگرتن بە دانانی پەیکەری، محەممەد ئەوراز لە فەلەکەیەکی ئەو باژێڕە کوردستانییە، بە کردەوەش لە ڕاستای بەفەرمی ناساندن و خستنە سەر زاری ئەو ناوانە هەنگاو دەنێت.

سیاسەتی شارەوانیی نەغەدە و بەسیج و سپا بۆ گەورەکردنەوەی ناوی تورکیی ئەو مەیدانە
سیاسەتی شارەوانیی نەغەدە و بەسیج و سپا بۆ گەورەکردنەوەی ناوی تورکیی ئەو مەیدانە

هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە نەغەدە ڕایگەیاند کە ئەمشەو دووشەممە 15ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی، شارەوانیی نەغەدە بەو مەبەستە و بە پشتیوانیی سپای تیرۆریستیی پاسداران و بەسیج، “وێستگەی سڵامەتیان” لە مەیدانی بە ناوی قاڵاباشی داناوە کە شاری یارییەکیش هەر بەو ناوە کراوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بە شێوەیەکی بەربڵاو ڕێکلامیان بۆ کردووە و مەبەستی سەرەکیش تەنیا گەورەکردنەوەی ناوی ئەو مەیدانەیە کە ناوێکی تورکیە.

خاوەنی یەکێک لە نووسینگەکانی مهاباد لە پەیوەندییەک بە ڕٶژی کورد، ئاماژەی بەوەدا کە ماوەیەکە بە ئاشکرا و بە جوانی هەست دەکرێ کە تورکەکانی نەغەدە و ورمێ و تەنانەت میاندواویش، بە مەبەستی کڕینی زەوی و زار و خانوو و مڵک، ڕوویان لە مهاباد کردووە کە ئەگەر بێت و ئەو پلانەیان سەربگرێت ئەوا لە داهاتوودا لەو باژێڕەش دووبەرەکییەکی جێگای مەترسی دێتە ئاراوە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت