پێشانگایەکی هونەری بۆ یارمەتی عفرین و کرماشان لە پاریس بەڕێوە چوو

0
1528

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە فەڕانسە، هونەرمەندی ناسراوی کورد، ناسر قازی زادە، خەڵکی شاری سەردەشت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و نیشتەجێی وڵاتی فەڕانسە کە وەک یەکێک لە نیگارکێشە بەناوبانگەکانی جیهان ناسراوە و لە ڕاستیدا دەبوو نازناوی داڤینچیی کوردی پێبدرابایە، پیشانگایەکی نیگارکێشی بە مەبەستی یارمەتیدان بە هاوخوێنەکانی لە کرماشان و عفرین بەڕێوە برد.

ئەو پێشانگایە لە ٢٨ی فێوریە تا ١٣ی مارسی ٢٠١٨ لە ئەنستیتۆی کورد لە پاریس بەڕێوە دەچێ و لە لایەن ئەنستیتۆی کورد لە پاریس پشتیوانی و پاڵپشتی لێکراوە.
لەو پێشانگا هونەریە دا دەیان تابڵۆی هونەرمەندی پەنجە ڕەنگین کاک ناسر قازی زادە خراوەتە ڕوو .

ناوەرۆکی تابڵۆکان بریتین لە کۆڵبەری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بوومەلەرزەکەی کرماشان و کارەساتی هێرشی ڕژیمی داگیرکەری تورکیە بۆ سەر عفرین و هەروەها ژن لە ئیسلام و کۆماری ئیسلامیی ئێران دا .

بەشێک لە ئەندامانی ناوەندی ڕۆژی کورد لە پێشانگاکە دا بەشداریان کرد و وێڕای پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە بەڕێز قازی زادە هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ خواست.

ناسر قازی زادە لە پێوەندی بە تابڵۆی کۆڵبەران دەڵێ: “لەدوای بیستنی هەواڵی مەرگی کۆڵبەران لە ژێر ڕنوو، هەستێکی ناخۆشی بووە و چەند ڕۆژ بیری لێکردۆتەوەو ئەوە بۆتە هەوێنی ئەو تابلۆیە و لە ماوەی ٣ شەو و ٣ ڕۆژدا ئەو تابلۆیەی کێشاوەتەوە کە “مێتامانفۆز”ـە و مەبەست لەو شیوازە کە تێیدا جێگۆڕکێیەکی لە نێوان مرۆڤ و بۆ نموونە ئاژەڵەکان دێتە ئاراوە و لە کوردستانیش بە هۆی زەخت و زۆرداری، ئێستا مرۆڤ، جێگای شتی تری گرتۆتەوە و بۆ نموونە کارێک دەکات وەک کۆڵبەری کە کاری مرۆڤ نیە و ئەوەش ڕادەی تاڵیی ژیان لە کوردستان لە خۆرهەڵات نیشان دەدا و مرۆڤ تا بۆ خۆی لەو دۆخە دا نەبووبێ ناتوانێ باش لە تابڵۆی کۆڵبەران تێ بگا.

هونەرمەندی نیگارکێشی کورد، ناسر قازی زادە دەڵێ: “بەو تابلۆیە جارێکی تر گەڕامەوە سەردەشت و هەموو ئازارەکانم جارێکی تر بە جەستە و بە هەست، هەست پێکرد، بە چرکەش مام خدر و باری قورسی کۆڵبەرانم لە پێش چاو بزر نەدەبوو و وایکرد کە تووشی پشت ئێشەیەکی سەیر هاتم و لە کاتی نیگارکێشانەتەوەکەشدا سەرما هەموو لەشی داگرتبووم”

لە پێوەندی بە تابڵۆی عفرینیش کە تێیدا ژنێکی کورد خەریکە لە ناو گوللەی بۆمبێک دا گوڵ دەچێنێ، گوتی: ئەوە پەیامە بۆ ئەردۆغان کە ئەگەر چی ئەو بە بۆمب هێرش دەکاتە سەر عفرین بەڵام ژنانی کورد بۆمبەکان دەکەنە گوڵدان و گوڵی تێدا دەچێنن و بۆمب و بوردومان و کوشتن کورد ناترسێنێ.

لە پێوەندی بە تابڵۆی کرماشان و بوومەلەرزەکەی دا قازیزادە بە هەواڵنێری ڕۆژی کوردی گوت: ئەگەر مرۆڤ تۆزێک ویژدانی مرۆڤایەتی تێدا بێ و چاوی بەو تابلۆیە بکەوێ کە باوکێک خەریکە هاواری منداڵەکەی دەکا کە لە ژێر دار و پەردووی ڕووخاو دا بە زیندوویی زیندە بە چاڵ کراوە و تەنیا بووکەڵەکەی لە پاش خۆی بە جێهێشتووە . لە ناخەوە دەهەژێ.

یەکێکی تر لە بەرهەمە جوان و گرینگەکانی ئەو پێشانگایە کە سەرنجی زۆربەی بەشدارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو، وێنەی ژنێکی بە لەش ڕووت و بە سەر داپۆشراوی ئیسلامی بوو کە تەنانەت تەسبێحی گەردنی لە شێوەی پەتی سێدارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کێشراوەتەوە.
پێویستە بگوترێ ئەوەی لەو تابڵۆیانە دا بەدی کرا ، تەنیا وێنەیەکی سادە و ڕووت نەبوو ، دنیایەک قسە بوو کە ڕەنگە بە دەیان کتێب و داستان لە نووسین نەیەن بەڵام هونەری کاک ناسر وای کردووە کە دەیان کتێب و داستان خۆیان لە ناخی ئەو تابڵۆیانە دا حەشار داوە .

 

سەرجەم داهاتی ئەو پێشانگایە و فرۆشتنی تابڵۆکان وەک یارمەتی دەدرێ بە لێقەوماوانی کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان و عفرین لە لایەن کاک ناسر قازی زادەوە پێشکەش کراون.
ناوەندی ڕۆژی کورد سەرکەوتنی ڕۆژ بە ڕۆژ بۆ کاک ناسر قازیزادە و هونەرەکەی دەخوازێ.

This slideshow requires JavaScript.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.