نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێی شڕۆڤه‌كاری تایبه‌تی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامی له‌ ژێر پێنانی مافی مرۆڤ له‌ ئێران

0
803

مرۆڤایه‌تی :
جاوید ڕه‌حمان، ڕیپۆرتێری تایبه‌تی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كاروباری ئێران ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی
٢٢ی ئۆكتۆبر ڕاپۆرتێكی نوێی بڵاو كرده‌وه‌ و له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی دا جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ شكاندن و له‌ ژێر پێنانی یاساكانی مافی مرۆڤ له‌ وڵاتی ئێران هه‌روا به‌رده‌وامه‌.

شڕۆڤه‌كاری تایبه‌تی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كاروباری ئێران ڕایگه‌یاند : له‌ ساڵی ڕابردوودا ئاگاداری كاریگه‌ری نه‌رێنی به‌رده‌وامیی ناله‌باری بارودۆخی ئابووری به‌ سه‌ر وه‌دیهاتنی مافه‌كانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ ئێران بووین. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ مافه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌كان به‌ به‌رده‌وامی به‌رته‌سك ده‌كرێته‌وه‌. راپۆرتی ناوبراو له‌ سه‌ر پرسی مافه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌كان، مافی ژنان و پرسی جل و به‌رگی ژنان و رێژه‌ی ئێعدامه‌كان له‌ وڵاتی ئێران به‌ تایبه‌تی ئێعدامی منداڵانی ژێر ته‌مه‌نی ١٨ ساڵان، چڕو پڕ و جێگیر كرابوو.
شڕۆڤه‌كاری تایبه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری ئێران له‌ درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی دا ئه‌وه‌ی زیاد كرد و وتی : ئه‌وانه‌ی وا خوازیاری پشتیوانی و ڕێز و حۆرمه‌ت له‌ یاساكانی مافی مرۆڤن، له‌وانه‌ پارێزه‌رانی مافی مرۆڤ، ئه‌ندامانی گرووپه‌ كه‌میینه‌كان، پارێزه‌ران، ڕۆژنامه‌نووسان، چالاكانی مافه‌كانی كرێكاران و كه‌سانی ڕه‌خنه‌گر له‌ یاساكانی ناچار كردن به‌ خۆداپۆشینی ژنان، كه‌وتوونه‌ته‌‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ و ده‌سبه‌سه‌ر كراون.
له‌ ساڵی ٢٠١٩ ئاگاداری ئێعدامكردنی دوو منداڵی ژێر ته‌مه‌ن ١٧ ساڵان بووین
رێزدار جاوید ڕه‌حمان له‌ دانیشتنی هه‌واڵگری خۆی دا سه‌باره‌ت به‌ ئامار و ڕێژه‌ی ئێعدامه‌كان له‌ ئێران ئاماژه‌ی پێدا : هه‌روه‌ها ئاگاداری به‌رده‌وامبوونی به‌ڕێوه‌بردنی بڕیاره‌كانی ئێعدام له‌ وڵاتی ئێرانین، ئه‌گه‌رچی ڕێژه‌ی ئێعدامه‌كان به‌ نیسبه‌ت ساڵی رابردوو داشكانێكی به‌رچاوی بووه‌، به‌ڵام هاوكات ئه‌م هه‌ژماره‌ هه‌روا یه‌كێك له‌ زۆرترین ئاماره‌ جیهانییه‌كانه‌. هه‌روه‌ها كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٨ی زایینی ٢٥٣ كه‌س ئێعدام كراون. ناوبراو له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌ پرسی ئێعدامی منالان كرد و درێژه‌ی پێدا : ئێعدامی منداڵانی تاوانبار هه‌روه‌ها هاوكات به‌رده‌وامه‌ و له‌ ساڵی ٢٠١٩ی زایینی ئاگاداری ئێعدام كردنی دوو منداڵی ته‌مه‌ن ١٧ ساڵان بووین.
جاوید ڕه‌حمان سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی مافی ژنان و پرسی خۆداپۆشینی زۆره‌ملی ژنان له‌ وڵاتی ئێران دا وتی: ژنان و پیاوانی ڕه‌خنه‌گر و دژبه‌ری یاسا زۆره‌ملییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ شكاندن و له‌ ژێر پێنانی قانوونه‌كانی  یاسایی هه‌روه‌ها له‌ گه‌ڵ ده‌سبه‌سه‌ركران و به‌ندكران به‌ره‌و ڕوو ده‌بنه‌وه‌. زۆر له‌و كه‌سانه‌ به‌ تاوانه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی تاوانبار كراون كه‌ پیشانده‌ری زۆربوونی گۆشاره‌كان بۆ سه‌ر ژنانه‌ كه‌ خوازیاری وه‌دیهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانی خۆیانن. جاوید ڕه‌حمان هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌گه‌رچی پێشوازی ئه‌كه‌ین له‌ مۆڵه‌تی ئێستای ده‌وڵه‌ت بۆ ئاماده‌بوونی ژنان له‌ پیشبڕكێكانی فووتباڵ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نیا هه‌نگاوێكی بچووكه‌ و جیاوازی دانان دژی ژنان له‌ یاساكان و له‌ كرده‌وه‌ دا هه‌روا به‌رده‌وامه‌.