یازدەهەمین خۆکوژی لە ساڵی نوێی کوردی، له کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕووی دا.

0
1336

دیاردەی خۆکوژیی هاووڵاتیانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بووەتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی. بێ هیوا بوون بە ژیان و داهاتوو، کێشەگەلی کۆمەڵایەتی و کەم داهاتی و کێشە ئابوورییەکان و سەپاندنی یاساگەلی وەکوو یاساکانی پیاوسالاری لە ئێراندا، چەندین هۆکاری دیاردە خۆکوژین.

مرۆڤایەتی: بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ڕۆژهەڵات، یازدەهەمین دیاردەی خۆکوژی لە ساڵی نوێی کوردیدا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕووی دا کە هێشتا تەمەنی خۆکوژەکە، لە ژێر لە تەمەنی یاساییە واتە کەمتر لە ۱۸ ساڵە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕۆژی شەمە ۲۸ی ئاپریلی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۸ی بانەمەڕی ۲۷۱۸ی کوردی، کچێکی تەمەن ۱٤ ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی “ڕەحیم ئاوا”ـی شاری شنۆ بەناوی “ئاشنا مەحموودی” خۆی هەڵاواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەندێک لە لاپەڕەکانی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی تلگرام نووسیویانە، بۆ دووهەمین جارە کە ئەو کچە لاوە کوردە دەستی داوەتە خۆکوژی و لە دووهەمین جاردا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

تا هەنووکە هۆکاری خۆکوژی ناوبراو نادیارە، بەڵام ئاماری ڕێژەیەکی زۆر و نائاسایی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بووەتە هۆی نیگەرانی چالاکانی کۆمەڵایەتی و کارناسانی ئەو بووارە و چالاکانی مافی مرۆڤ، هۆکاری سەرەکی ئەو دیاردەیە “بێ هیوای بە ژیان” و کێشە کەم داهاتییان ڕاگەیاندووە.

چەندین دیاردەی تری خۆکوژی لە ماوەی یەک ساڵی نوێی کوردیدا دەخرێتە پێش چاو:

بەربەیانی ڕۆژی ۲٤ی ئاپریلی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ٤ی بانەمەڕی ۲۷۱۸ی کوردی، هاووڵاتیێکی تری کورد بە ناوەی “هێرۆ سدقی” تەمەن ٤۰ ساڵە و خەڵکی شاری بۆکان، لە نهۆمی سێزدەهەمی بیانی نیشتەجێی بوونی لە شاری تەورێز سەر هەرێمی ئازەربایجان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ناوبراو دایکی دوو منداڵ (یەک کچ و یەک کوڕ)ـە. دوای مناقشە لەگەڵ مێردەکەی بڕیاری خۆکوشتنی داوە و لە نهۆمی سێزدەهەمی بینای نیشتەجێی بوونی، خۆی فڕێ داوەتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی پێنجشەمە ۲۰ی ئاپریلی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۳۰ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، ژنێکی هاووڵاتی کورد، خەڵکی شاری مەریوان، بەناوی “پاییزە ئیبراهیمی” دەستی داوەتە خۆکوژی و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. هۆکاری خۆکوژی ئەو هاووڵاتییە؛ کێشەی بنەماڵەییەوە ڕاگەیێندراوە، بەو هۆیەوه کۆتایی ژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی سێشەمە ۱۷ی ئاپریلی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۲٨ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، “دارا محەممەدی” کوڕی عەبووبەکر، تەمەن ۲۷ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی کەوسەری شاری مەریوان، خۆی هەڵاواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. هۆکاری خۆکوشتنی ئەو لاوە ۲۷ ساڵەیە وەکوو زۆربەی دیاردە خۆکوژییەکانی تری کوردستانی ڕۆژهەڵات نادیارە.

ژنێکی هاووڵاتی کورد، خەڵکی شاری بۆکان، بە ناونیشانی “م.س”، تەمەن ۳۰ ساڵ و خێزاندر، شەوی یەکشەمە ۱ی ئاپریلی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۱۱ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، لە حەساری ماڵی خۆیاندا، خۆی هەڵاواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

عەدولکەریم خەواجی، تەمەن ۵٤ ساڵ، خەڵکی شارۆچکەی دیزج له ناوچەی مەرگەوەڕ سەر بە شاری ورمێ، خێزاندار و باوکی ۳ منداڵ، ڕۆژی شەمە ۳۱ی مارسی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۱۱ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، خۆی هەڵاواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی پێنجشەمە، ۲۹ی مارسی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۹ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، ژن و مێردێکی مەهابادی بە ناوەکانی “خ.ل” و “م.ش” خەڵکی گوندی “گابازاڵە” لە دەوروبەری شاری مەهاباد، بە خواردنەوەی گازی مۆنۆئەسید کربنف، مەسمووم بوون و خۆ هەڵاواسین کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێنا. تا هەنووکە هۆکاری خۆکوشتنی ئەو ژن و مێردە نادیارە.

ڕۆژی چوارشەمە ۲٤ی مارسی ۲۰۱۸ی زایینی بەرنبەر لەگەڵ ٤ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، لاوێکی تەمەن ۲٦ ساڵ، بەناوی “کەریم ئیسمایل پوور”، خێزاندار، خەڵکی گوندی “دەرماناوێ” سەر بە شاری سەردەشت و باوکی منداڵێکی یەک ساڵ و نیو، خۆی هەڵاواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، هەمان ڕۆژ لاوێکی تر بە ناوی “وریا ئیبراهیم پوور” کوڕی قادر، خەڵکی گوندی “بیتووش” سەر بە شاری سەردەشت، بە هۆی بێکاری و هەژارییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها ڕێکەوتی ۲۳ی مارسی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۳ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، لاوێکی تری تەمەن ۲٦ ساڵ، بە ناوی “میلاد خۆجەستە” کوڕی حسێن، خەڵکی شاری سەردەشت، بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.