دوو چالاکی مەدەنیی شاری سەقز، سزای یەک ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا

0
1593

لە درێژەی گوشارەکانی ڕژیمی ئێران بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دوو چالاکی شاری سەقز هەرکام شەش مانگ سزای بەندیخانەیان بەسەردا سەپا.

مرۆڤایەتی: بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ڕۆژهەڵات، دوو چالاکی مەدەنیی شاری سەقز بە ناوەکانی “نادر مەجیدیان” و “شەهرام مەجیدیان” لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە هەرکام بە شەش مانگ سەزای بەند کردن، مەحکووم کران.

حوکمی ئەو دوو چالاکە مەدەنییەی شاری سەقز، رۆژی دووشەمە ۳۰ی ئاپریلی ۲۰۱۸ی بەرانبەر لەگەڵ ۱۰ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، پێیان ڕاگەیێندراوە.

ئەو دوو چالاکە مەدەنییە کوردە، بە تۆمەتی پڕوپاگەندەی دژی ڕژیم (تبلیغ علیە رژیم) و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپاوە.

نادر مەجیدیان، ڕۆژی ۸ی خەزڵوەری ۲۷۱۸ی کوردی، بۆ درێژەی دۆسیەکەی کە بە تۆمەتی سیاسی بوون حوکمی بە سەردا سەپا بوو، لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقزەوە بانگهێشت کراوە بۆ درێژەی حوکمەکەی لە بەندیحانە ئەو شارە، هەروەها جەخیشیان لەوە کردووەتەوە، ئەگەر ناوبراو لە دادگا ئامادە نەبێ، دادگا بۆخۆی بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدا و سزاکەی بەسەردا دەسەپێنێت.

نادر مەجیدیان، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری ماڵپەڕی هەواڵدەری “داهاتوو” بوو، کە ئەو ماڵپەڕە لە ساڵی ڕابردوودا لە لایەن حکوومەتەوە داخرا.

ناوبراو پێشتر ڕابردووی بەند و لێکۆڵینەوەی چەند مانگەی لە گرتووخانەکانی ڕژیمدا هەیە. دوواجار لە ڕۆژی ۲۵ی ڕێبەندانی ۲۷۱٤ی کوردی، لە ماڵەکەی خۆیدا، لەگەڵ ۱۱ چالاکی مەدەنی تر، کە دانیشتنێکی هاوڕێیانەیان پێکهێنابوو، لە لایەن هێزەکانی سەر بە دەستگای هەواڵدەری ئیدارەی ئیتڵاعاتی ڕژیم، لە شاری سەقز دەستبەسەر کران، پاش چەند ڕۆژ، چەند کەس لەو گیراوانە ئازاد دەکرێن و نادر مەجیدیان و چوار کەسی تریان لە ڕێژ لێکۆڵێنەوە و گوشاری هێزەکانی ڕژیمدا بەند دەکرێن.

لە بڕیاری کۆتاییدا، هەموویان لە ڕۆژی ۱ی ڕەشەمەی ۲۷۱٤ی کوردی، بۆ بەندیخانەی ئیتڵاعاتی شاری سنە گوازرانەوە، پاش دوو مانگ لە تێپەڕینی بەندکردنیان لە گرتووخانەی شاری سنە، لە خاکەلێوەی ۲۷۱۵ی کوردی بە دانانی بارمتە، ئازاد دەکرێن.

نادر مەجیدیان لە بانەمەڕی ۲۷۱٦ی کوردی، بۆ جارێکی تر بۆ دادگای شاری سەقز بانگهێشت کراوەتەوە و لە ئەو کاتەشدا لە دادگای ئەوشارەدا بە بێ تاوان ناسرا.