سەردەشت: ٣ خۆکوژی لە ماوەی چوار ڕۆژی سەرەتای ساڵی نوێی کوردی

0
1274

خۆکوژی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا، تا ئاستێکی مەترسیدا پەل و پۆی کێشاوە و بەرەو زێدەبوونە. لە ماوەی ٤ ڕۆژی سەرەتای ساڵی نوێوە تەنیا لە دەڤەری شاری سەردەشت سێ هاووڵاتی خۆیان کوشتووە.

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، ئێوارەی ڕۆژی شەممە 24ی مارس بەرانبەر لەگەڵ ٤ی خاکەلێوەی ٢٧١٨ی کوردی، لاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵانی خەڵکی گوندی دەرماناوێی سەر بە شاری سەردەشت بە ناوی “کەریم ئیسماعیل پوور” لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

زانیارییەکانی مرۆڤایەتی باس لەوە دەکەن کە ئەو لاوە کوردە کە خاوەن خێزان و منداڵێکی کوڕی تەمەن یەک ساڵ و نیوە، هیچ کێشەیەکی دەروونی یان ئابووری نەبووە و ڕۆژی خۆکوشتنەکەش تا ئێوارە درەنگان لەگەڵ ماڵ و منداڵی بووە بەڵام دواتر چووەتەوە ناو ماڵ و خۆی هەڵواسیوە.

لە هەمان کاتدا،هەمان ڕۆژ واتا ٤ی خاکەلێوە، هاووڵاتیەکی تری خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی “وریا ئیبراهیم پوور” کوڕی قادر، خەڵکی گوندی”بێتووش”، بە هۆی بێکاری هەوڵی خۆکوژی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لەلایەکی ترەەوە، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣ی خاکەلێوە، لاوێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی “میلاد خوجەستە” تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی حوسێن، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.