دەستبەسەرکرانی کۆمەڵێک کاسبکاری ڕۆژهەڵاتی لەلایەن پارتی دێموکراتی کوردستانی ئێراق

0
2346

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، کۆمەڵێک کاسبکاری خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە زۆربەیان خەڵکی ئاوایی دزڵی ـی سەر بە هەورامانن، بە هۆکاری نادیار لەلایەن پارتی دێموکراتی کوردستانی ئێراقەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی زانیارییەکان، شەوی پێنج شەممە ٢٢ی فێوریەی ٢٠١٨ بەرانبەر لەگەڵ ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەرپرسان و چەکدارانی سەر بە پارتی دێموکراتی کوردستان لە وێستگەی گوندی هیلامیە لە سنووری وشکەناو، چەند کاسبکاری کوردی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان بە تاوان و هۆکاری ناڕوون و نادیار دەستبەسەر کردووە.

خەڵکی ئاوایی دزڵی ئێستا دڵەڕاوکێی ئەوەیان هەیە کە پارتی دێموکراتی کوردستان کە ئەو سنوورەی لە ژێر کۆنترۆڵ دایە و ئەو کاسبکارە کوردانەی دەستبەسەر کردووە،  ئەو کاسبکارانە ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەنەوە کە هەم سزای مادی بۆ کاسبکارەکان بەدواوە و هەم مەترسیی ئەشکەنجە و ئازاری گیانی.

چالاکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هیوا دەخوازن ئەو کاسبکارە کوردانە بە زووترین کات ئازاد بکرێن و بگەڕێندرێنەوە باوەشی بنەماڵەی خۆیان.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵاتیش، داوا لە بەرپرسانی پارتی دێموکراتی کوردستانی ئێراق دەکا، وێڕای بەردانی بەلەزی ئەو هاونیشتمانیە کوردانە، دەستی خۆی نەخاتە باڵ دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازاردانی کۆڵبەر و کاسبکاری بێ دەرەتانی کورد.

نەبوونی و هەژاری و نەبوونی کار و داهات، وای لەبەشێکی زۆرینە لە هاووڵاتیانی کورد کردووە، بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی خۆیان، ڕوو بکەنە کرێ کۆڵی و کاری دژواری لەم شێوەیە.

بەو حاڵەشەوە کۆماری ئیسلامی هیچ کات لە کوشتن و بڕین و دەستبەسەرکردن و داگیرکردنی کەرستە و بارەکانیان خۆی نەبواردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، هیوا دەخوازێ، دەستبەسەرکردنی ئەو کاسبکارە کوردانە، ڕێکەوتنێکی تری نێوان پارتی دێموکراتی کوردستان و ئێران بە دژی کوردانی ڕۆژهەڵات نەبێ.