ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسەر پێشێلکارییەکانی ئێران

0
1346

ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئێران بۆ ساڵی ٢٠١٧ دەڵێت دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران لەسەر سەرپاندنی سزای مەرگ بەسەر کەسەکاندا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز بەردەوامە.

مرۆڤایەتی: ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە ئێران هەتا 27 ی دیسامبری ٢٠١٧ی زایینی،  476 کەسی لەسێدارە داوە. لە ناویاندا 5 کەسیش کە سزای مەرگ درابوون بەهۆی تاوانەکانی کە گوایە منداڵ بوون لە کاتی ئەنجامدانیدا.

لە 13 ی مانگی 8 دا پەرلەمانی ئێران بەندێکی دەستووری پەسەند کرد بۆ یاسای بەنگ و مادە هۆشبەرەکانی وڵاتەکە کە بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ تاوانەکانی دژ بە مادە هۆشبەرەکان بوو. شۆرای نیگەهبانی ئێران ئەو بەندە یاساییەی لە مانگی 10 دا پەسەند کرد و لە 14 ی مانگی نوامبردا چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە 21 ی مانگی نوامبردا داواکاری گشتی تاران عەباس جەعفەری دەوڵەتئابادی ڕایگەیاند: “سێ هەزارو سێسەد کەسی کە بە هۆی مادە هۆشبەرەکانەوە تاوانبار کراون بە پێی ئەو یاسا نوێیە داوای پێداچوونەوەیان کردووە. یاسای ئێران کردارەکانی وەکو بێڕێزی کردن بە پێغەمبەر، پەیوەندی هاوڕەگەزخواز، پەیوەندی سێکسی بێ هاوسەرگیری و چەندین شتی تری نا توندوتیژ بە تاوان دادەنێت کە سزاکەی مەرگە.”

ئەو ڕاپۆرتە، لەمەڕ شێوەی بەڕێوەچون و بڕیاردانی دادگاکان لە ئێران دەڵێت” “دادگاکانی ئێران بە تایبەتی دادگاکانی شۆرش، بە بەردەوامی دادگاییەکی ڕەوا ناکەن و ئەو دانپیانانانە وەکو بەڵگە بەکار دەهێنن کە لە ژێر ئەشکەنجەدا بەدەستهاتوون. کاربەدەستان بە شێوەیکی ڕۆتین ڕێگری دەکەن لە زیندانییەکان کە دەستیان ڕابگات بە پارێزەر.”

چەندین کەس بە تاوانی مەترسی بۆ ئاسایشی نیشتمانی زیندانی کراون کە تەنانەت دەستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستیش ڕاناگات. لە مانگی 8 دا کاربەدەستانی ئێران ڕێگەیان نەدا ئارەش سادقی تەمەن 30 ساڵی بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ، لە کاتێکدا کە تووشی گرفتی هەرسکردن ببو بەهۆی ئەوەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر مانی لە خواردن گرتبوولە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.

هەروەها زەینەب جەلالیان کە بەندکراوێکی کوردە و سزای زیندانی هەتاهەتایی دراوە و لە گرتووخانی خوی لە ڕۆژئاوای هەرێمی ئازەربایجان دانراوە، بە پێی ڕپۆرتان دەستبەجێ پێویستی بە چارەسەرکردنە بۆ چاوی. لە ساڵی 2017 دا چەندین زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا مانیان گرت بۆ نارەزایی دەربڕین لەسەر ڕەوشیان لە زیندانەکان.

سەربارەت بە ئازادییەکانیش دەڵێت کاربەدەستان بەردەوامن لە کۆتوبەند خستنە بەردەم ئازادی ڕادەربڕین، ڕێکخراو کۆڕو کۆبونەوە. دەیان ڕۆژنامەوان، چالاکوانی میدیای ئیلیکترۆنی بە تاوانی کرداری دژی ئاسایشی نیشتمانی دراون بە دادگا.

سەربارەت بە مافەکانی ژنان لە ئێراندا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ژنانی ئێرانی ڕووبەڕووی جیاوازی دەبنەوە لە دۆسێتایبەتەکانی پەیوەندیدار بە هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات و وەرگرتنی منداڵ. هەمو کچێت دەبێت لەلایەن سەرپەشتێکی پیاوەوە ڕێگەی پێبدرێت بۆ هاوسەرگیری کردن جا تەمەنی هەر چەندێک بێت، ژنانی ئێرانی ناتوانن ڕەگەزنامەی ئێرانی بۆ هاوسەرەکانیان یان منداڵیان کە لە دەرەوەی وڵات لە دایک بوون وەربگرن. ژنێکی کە هاوسەرگیری کردووە ناتوانێت پاسەپۆرت وەربگرێت و بەبێ مەوڵەتی نوسراوی فەرمی هاوسەرەکەی سەرفەر بۆ دەرەوەی وڵات بکات. بە پێی یاسای ئیران پیاوێک دەتوانێت بڕیار لەسەر شوێنی ژیان بدات و دەتوانێت ڕێگری لە هاوسەرەکەی بکات بۆ هەر کارێک کە خۆی پێی باش نەبێت.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت حکومەت جیاوازییەکی زۆریش دەکات دژ بە کەمینە ئاینییەکان لە ناویاندا موسوڵمانە سوننەکانیش، کۆت و بەند دەخاتە بەردەم چالاکیە کولتوری و سیاسییەکانی ئازەریەکان، کوردەکان، عەرەبەکان و بەلوچەکان.