محەمەدئەمین عەبدوڵڵاھی: لە زیندانەوە داوای بە سزاگەیاندنی ئەوانە دەکا کە کەرکووکیان ڕادەست کرد

0
992

مرۆڤایەتی: بەندکراوێکی سیاسیی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، کە ماوەی ١٣ ساڵە لە گرتووخانەکانی ئێران دەسبەسەرە، دوای داگیرکردنی کەرکووک، داوا لە جەماوەری کوردستان دەکات پشتگیریی ئەنجامی سەربەخۆیی بکەن و خەیانەتکاران بە سزی خۆیان بگەن.

محەمەدئەمین عەبدوڵڵاھی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان کە ماوەی 13 ساڵە لە گرتووخانەکانی ورمێ، تەبەس و بیرجەند ڕاگیراوە، پشتیوانیی خۆی لە سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیەندووە و لە پەیامێکی دەنگیدا  ”پشتیوانیی ھەر تاکێکی کورد لە ئامانجەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەرکێکی ئیخلاقی و نەتەوەییە و دەبێت ھەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ ئەم پرسە بڕژێنە سەرشەقامەکان و پشتیوانی ویست و مافی ڕەوای کورد بن“.

محەمەدئەمین عەبدوڵا‌ھی لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا دەڵێت: “پێویستە خەڵکی کوردستان ئەو کەسانەی کە خەیانەتیان لە ئامانجەکانی نەتەوەی کورد کردووە، بە توندترین شێوە سزا بدەن، ھەتا ببێتە دەرسێک بۆ کەسانی دیکە”.

ئەو بەندکراوە کوردە پاییزی 2005 لە کاتێکدا کە تەنیا 17 ساڵ تەمەنی ھەبوو، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و بە تۆمەتی ”بەرەنگاربوونەوەی خوا“، حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ساڵی ڕابردوو لە گرتووخانەی (تەبەس)ی سەر بە پارYزگای خۆراسانی باشوورەوە بۆ گرتووخانەی بیرجەند گوازراوەتەوە و ئێستا لەو گرتووخانەیە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

ئەمەش دەقی پەیامەکەیەتی:

من وەکوو بەندکراوێکی سیاسی کورد کە ماوەی ١٣ ساڵە لە گرتووخانەکانی ئێران ڕاگیراوم. ئێستا لە دوورترین شوێنی ئێران و لە نزیک سنووری ئەفغانستان ماوەی حوکمەکەی خۆم تێپەڕ دەکەم. لێرەوە داوا لە ھەموو کوردێک دەکەم لە ھەر کوێی ئەم دونیایە بە ھەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت، پشتگیری بە ئەنجام گەیاندنی ڕیفراندۆم بکەن و بێنە سەرشەقامەکان و پشتیوانیی خۆیان لە سەربەخۆیی و مافی ڕەوای کورد دەرببڕن.

ئێمەی کورد دەیان ساڵە بۆ سەربەخۆیی خەبات دەکەین و ئێستا کە ئەو دەرفەتە ھاتووەتە پێشەوە، بەداخەوە بەھۆی خیانەتی چەند کەسێکەوە خەریکە خەونەکانمان لەبار دەبەن و شانبەشانی دوژمنانی کورد بۆ لێدانی پیرۆزییەکانمان ھەوڵ دەدەن و کەلێنیان خستووەتە نیو ماڵی کورد و خاکی کوردستان و کەرکووکیان فرۆشتووە. بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان ئەو کەسانەی کە خەیانەتیان بە ئامانجەکانی نەتەوەی کورد کردووە بە توندترین شێوە سزا بدەن ھەتا ببێتە دەرسێک بۆ کەسانی دیکە.

جارێکی دیکە لێرەوە ڕادەگەیەنم، پێویستە ھەر کەسێک کە خۆی بە کورد دەزانێت، بە ھەر شێوەیەک کە بۆی دەکرێت چ بە ھاتنە سەرشەقام و چ بە ھەڵگرتنی چەک بەرگری لە کەرامەت و بوونی کورد بکات، لە کاتێکدا ھەموو دونیا دەرگاکانی بەڕووماندا داخستووە، ھەنگاونان لەپێناو ئەو ئامانجە پیرۆزانە ئەرکێکی نەتەوەیی و ئیخلاقییە.

ھەروەھا پێویستە ھەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەر چوار بەشی کوردستان، بە شێوەیەکی یەکگرتوانە پاڵپشتیی ئەو داوا ڕەوایانە بکەن و یکدەنگ و یەک ھەڵوێست پشتگیری و پاڵپشتی مافخوازی کوردستان بن.

محەممەدئەمین عەبدوڵڵاھی

گرتووخانەی بیرجەند لە پارێزگای خوراسانی باشوور

1396/7/30

2017/10/22