فەرهاد هادی سەرنووسەری هەفتەنامەی “دەنگی کوردستان” لە شاری سنە دەسبەسەر کرا

0
1046

هێزەکان ئیتلاعات، سەرنووسەری هەفتەنامەی “دەنگی کوردستان”یان لە شاری سنە دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

“فەرهاد هادی”، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری هەفتەنامەی “دەنگی کوردستان” لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا و ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستەوە.

هێزەکانی ئیتلاعات سێ ڕۆژ پێش چوونەتە شوێنی کارەکەی ئەم ڕۆژنامەنووسە و دەسبەسەریان کردووە.

لەو پێوەندییە دا هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردۆتەوە: بنەماڵەی ئەم ڕۆژنامەنووسە لە ترسی هێزەکانی ئیتلاعات لە پێدانی هەر جۆرە زانیارییەک بە ڕاگەیاندنەکان خۆیان بواردووە.

هەروەها ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەگەری هەیە ئەم سەرنووسەرە کوردە ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەر ئازاد بکرێت.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

هەفتەنامەی “دەنگی کوردستان” هەفتەنامەیەکی سەربەخۆیە و لە ٢٠ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی یەکەم ژمارەی خۆی چاپ کردووە و هەتا ئێستا ٥١ ژمارەی لێ بڵاو بووەتەوە.