بەڕێوەچوونی پلانێک لەمەڕ دۆخی کەمینەکان لە ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ

0
1415

مرۆڤایەتی: ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی  لە یەکێک لە هۆڵەکانی بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤ لە وڵاتی سویس، پانێلێک لەمەڕ “دۆخی کەمینەکان لە ئێران” بە بەشداریی هەر کام لە بابان ئەلیاسی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پشکۆ خوسرەوی، ئەندامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و مۆنا سیلاوی، چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤی ئەحوازی، پێکهات.

بابان ئەلیاسی لە وتاری خۆیدا باسێکی چڕی لەمەڕ لە سێدارەدان، بێ سەروشون کردن و سەرجەم بوارەکانی تری مافی مرۆڤی کورد لە کوردستانی ئێران پێشکەش کرد.

بابان لە بەشێک لە لیدوانی خۆیدا گوتی :”بەر لە شۆڕشی ئێران، کوردەکان خۆیان ڕێکخست و داوای مافەکانی خۆیان کرد، دوای شۆڕشی ئێران، جیهادی خومەینی بە دژی کوردەکان، بوو بە هۆکاری کوشتن و قڕانێکی بەربڵاوی کوردەکان کە تا ئێستاش بەردەوامە.  کوردەکان بەردەوام دوای شۆڕشی ئێران لەگەڵ ڕژیم لە شەڕ دابوون و تەنانەت دوو ڕێبەری کوردیش لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە تیرۆر کراون.”

ئەو چالاکەی مافی مرۆڤی کورد لە ژنێڤ، هەروەها گوتیشی: “کۆماری ئیسلامی لەمەڕ بەڵێنە ناونەتەوەییەکان کەمتەر خەمە، مافی زمانی و کەلتوورییەکانی بە گشتی پێشێل کردووە. هەڵاواردن تا ئێستاش بەردەوامە، کوردەکان لەگەڵ هەڵاواردنێکی چەند قات و چەندین لایەنە ڕووبەڕوون. زمانی کوردەکان لە ئیران لە میدیا و ڕاگەیێنە و قوتابخانەکانیش یان سنووردارە یان قۆرغ کراوە. لە سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیدا، ئاسانکاری بۆ خوێندن بە زمانی کەمینەکان تەنانەت وەک زمانی دووهەمیش لەبەر چاو نەگیراوە و لە ڕووی کەلتوورییەوە کوردەکان بە گشتی گوشاریان لەسەرە.”

بابان، هەروەها ئاوڕی لە کوشتاری کۆڵبەرەکان داوە و گوتی: “کوردانی کۆڵبەر، لە دۆخێکی زۆر نالەبار دان. زیاتر لە ١٠٠ کۆڵبەر، لە ماوەی یەک ساڵدا کوژراون. ماڵپەڕی مرۆڤایەتی باس لەوە دەکا کە لە ٨ مانگدا زیاتر لە ٦٠  کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون.  لە مانگی سپتامبری ٢٠١٧، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی قادر بەهرامی و حەیدەر فەرەجی لە بانە کوژراون و ئەوە بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە بانە و سنە. بەڵام بە سپرەی هێرشیان کرا سەر و تەقەیان لێکرا و هەشت کەس لە مهاباد گیراون.”

بابان ئەلیاسی باسی لە نەگۆڕانی دۆخی مافی مرۆڤ لە سەردەمی ڕوحانیدا کرد و گوتی: “لە سەردەمی ڕووحانی و بە هۆی دانوستانە ناوکییەکان، مافی مرۆڤ بە گشتی لە بیر کراوە و هەموو زەختەکە لەسەر مافی مرۆڤە. دەوڵەتی ئێران هیچ حەزی بە سەرمایەگوزاری لە کوردستانی ئێران نیە ئەوە لە حاڵێکدایە کوردستان لە ڕووی ناوچە سرووشتیی و چاوکانیەکانەوە دەوڵەمەندە.”

پشکۆ خوسرەوی، باسێکی تایبەتی لەمەڕ گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی حوسێن پەناهی و دەستبەسەرکرانی ئەفشین و ڕامین حوسێن پەناهی پێشکەش کرد و بە گشتی دۆخی نالەباری ئەو بنەماڵە و دەست بەسەرکراوەکانیان و بێ سەر و شوێن بوون و ناڕوون بوونی دۆخی ڕامین حوسێن پەناهی پێشکەش کرد.

قوڕەیشی لە بەشێک لە وتارەکەیدا گوتی: “نزیك بە سێ مانگە رامین حوسین پەناهی ك لە كاتێكدا كە بریندار بووە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە قوڵبەست كراوە، هاوكات لەگەڵ ئەوە، “ئەفشین حسێن پەناهی” برایەكی دیكەی ڕامین كە یەكێك لە چالاكانی مەدەنی ناوچەی لەیلاخە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە قوڵبەست كراوە و پاش نزیک بە ٩٠ ڕۆژ بە بێ هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنراو هێشتاكە لەزیندان بەسەردەبات. ئێستاكەو پاش ئەنجامی دادگایی یەكەمی ئەفشین كە بە بێ بوونی هیچ پارێزەرێك بەرێوە چووە چەندین تۆمەتی بێ بنەماو  دەستكردیان خستۆتە پاڵ ئەفشین حسێن پەناهی كە هەمووان ئاگادارن ئەفشین جیا لە چالاكێكی مەدەنی ئەو ناوچەیە هیچ گرێدراوییەكی رێكخراوەیی بە هیچ لایەن‌و حیزبێكی سیاسی نەبووەو تەنیا تاوانی ئەوەیە كە ئەندامی بنەماڵەی حسێن پەناهییە. تۆمەتی هاوكاری كردن‌و ئەندامییەتی یەكێك لە حیزبە كوردییەكان بۆ ئەفشین بێ گومان دەبێتە هۆی سەپاندنی چەندین ساڵ زیندان بەسەر ناوبراوداو ئەمەش تاوانێكی گەورەیە كۆماری ئیسلامی لە بنەماڵەی ئێمەو بەتایبەتی ئەفشین دەیكات.”

مۆنا سیلاوی، کچە چالاکوانی عەڕەبی ئەحواز، باسێکی چڕی لەمەڕ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئەحواز پێشکەش کرد و ئاماژەشی بە دۆخی نالەباری بەلووچەکان و کوردەکان دا.

مۆنا هەروەها داوای لە نەتەوە بندەستەکانی ئێران کرد کە کەڵک لەو دەرفەتە وەرگرن کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە و بێن لەوێ باس لە ئازارەکانی خۆیان بکەن، هەرچەند کاتێکی کەمە و نزیک بە ٣ خولەکە بەڵام زۆر گرنگە کەواتە با بێن و بنکە و ڕێکخراوەکانی خۆیان تۆمار بکەن و هەوڵەکانیان لەوێ بخەنە گەڕ.

لەمەڕ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئەحواز باسی لە دەستبەسەرکرانەکان و بێ سەروشوێن بوونی بەشێک لە دەستبەسەرکراوەکان کرد و گوتیشی بەشێک لە بنەماڵەکان لە ترسی هەڕەشەکان، هەواڵەکان بڵاو ناکەنەوە.

هەروەها گوتیشی:  “لەوانەیە زۆر کەس لایان وابێ کە ڕژیمی ئێران دەگۆڕدرێ بەڵام من هیچ لام وا نیە و لای من ڕژیمی ئێران و داعش، ڕێک یەک سیستەم و ڕژیمن و گۆڕانکاری لەناویان مەحاڵە، ئێران بەڕاستی پشتیوانی داعشە و بۆ من بەڕاستی باسێکی پێکەنینیە کە هەندێک لایان وایە دەبێ ئێران لە هاوکێشەکان بە دژی داعشدا بەشدار بێ”

لەو کۆبوونەوەیەدا، جەماڵ پوورکەریم و هەڵمەت مەعرووفی، لەلایەن، ناوەندی ڕۆژی کورد و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات (مرۆڤایەتی) بەشدار بوون.