مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان-ڕۆژهەڵات، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سەقز، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ژنە چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سەقز بە ناوی فاتمە (فەرزانە) ئەڵماسی و وێڕای بێ ڕێزی کردن بە خۆی و بنەماڵەکەی و دەستبەسەر لەبتاب و موبایل و کەرستە تاکەکەسییەکانی، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
فەرزانە ئەڵماسی، ناسراو بە کاڵێ، پێشتریش، ساڵەکانی ٨١، ٨٥ و ٨٩ی هەتاوی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و بە تاوانی ساختە، دەستبەسەر کراوە.
لە دوای دەستبەسەرکرانی ئەو ژنە چالاکە کوردە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیتلاعات لە سەقز، دەستبەسەر بووە و دواتر بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی وبە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، وەزارەتی ئیتلاعات لە رێگای تەلەفوونەوە، فەرزانە ئەڵماسییان، بانگ کردووە.
بەوپێیە ئەو ژنە چالاکە کوردە دەبێ کاتژمێر ٩ی بەیانیی ڕۆژی سێ شەممە ١٠ی گەلاوێژ، سەردانی ئیتلاعات بکات و ڕوون نییە چ چارەنووسێک، چاوەڕوانی دەکات.
لە ماوەی چەند ڕۆژی سەرەتای مانگی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاویدا، چەند چالاکێکی تری کوردی خەڵکی سەقز بەپێی نووسراوەیەک، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بانگ کراون.
ناوەکانیان بریتییە لە:
١- سلێمان عەبدی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای قوتابخانەی فەنی و حیرفەیی
٢- محەمەد عابدی، مامۆستای هونەری قوتابخانەکانی سەقز
٣- سەید عەلی حسێنی، مامۆستای زمانی ئینگلیسی
٤- مەلا حەسەن مەحموودی، پێش نوێژی مزگەوتی کانی نیازی سەقز
٥- لوقمان قورەیشی
٦- حەسەن سەلیمی ئازاد.
ئەو چالاکە مەدەنییانەی شاری سەقز، پێشتریش بە هۆی بەڕێوەبردن و ئامادەسازی بۆ بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز، لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.