دارایی و مڵکی بەندکراوێکی سیاسیی کورد، دەستی بەسەرداگیرا

0
977

مرۆڤایەتی: بە پێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات لە زاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بەپێی بڕیاری ڕەسمیی دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد، تێکڕای سامان و مڵکی بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە ناوی “خالق موحەممەزادە” دەستی بە سەردا گیراوە.

خالق موحەممەزادە، ڕێکەوتی ۲۳ی خەزەڵوەری ۱۳۸۲ی هەتاوی، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات بە تاوانی چالاکیی سیاسی و مەدەنی و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی دەستبەسەر و لە دوای ئەشکەنجە و ئازارێکی لەڕادەبەدەر بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و پاشان بە دانانی بارمتەی ۸۶ ملیۆن تمەنی و دانانی بارمتەی خانوو، ئێزنی مەرەخەسیی کاتی پێدرا.

ناوبراو لە کاتی چارەسەریی پزشکی لە نەخۆشخانە ڕایکرد و پەنای بۆ کوردستانی باشوور بردووە و لە شاری هەولێر چارەسەریی پزیشکیی پێویستی بۆ ئەنجام دراوە.

ڕێکەوتی ۲۸ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی، بە بڕیاری فەرمی دادگای شۆرشی شاری مەهاباد بانگهێشتی بنەماڵەی “خالق موحەممەزادە ” کراوە و پێیان ڕادەگەیێندراوە کە بە هۆکاری چالاکییە نایاساییەکانی ناوبراو لە دەرەوەی وڵات و هاوکاری لەگەڵ هێزە بەرهەڵستکارەکان و دژایەتیی نیزام و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، تەواوی مڵک و ماڵ و سامانەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت.

خالق محەممەزادە لە دایک بووی ۱۳۵۴ و فەرمانبەری کاتیی فەرمانگەی کاروباری کۆمەڵایەتیی مەهاباد بووە و ساڵی ۱۳۸۲ لەلایەن ئیتلاعات، دەستبەسەر و دواتر بە بڕیارێکی چەند خولەکی، لەلایەن دادگاوە سزای ۱۰ ساڵ دوورخران و بەندکران لە بەندیخانەی مەراغە و دانی ۱۷ ملیۆن تەمەن سزای بە سەر سەپێندراوە.