٥ هاووڵاتیی تری کوردی خەڵکی ئورمیە لە سێدارە دران

0
1951

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخرامی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، بەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، ٥ هاووڵاتیی تری کوردی خەڵکی ئورمیە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە (بەندیخانەی دەریا) لە سێدارە دراون.

شوناسی ئەو کەسانە کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵاتەوە ئاشکرا کراون بریتییە لە:

١- فەرامەرز ئەسغەرزادە، کوڕی ڕوستەم، خەڵکی ئورمیە

٢- ماشەڵا سەیادی، کوڕی محەمەد، خەڵکی گەڕەکی نازلو لە ئورمیە

٣- محەمەدڕەزا سادقی، کوڕی محەمەدسەلیم، خەڵکی گوندی کانی ڕەش، سەر بە ئورمیە

٤- پەرویز تەمەری، کوڕی ئیسماعیل، خەڵکی گوندی هەرسین، سەر بە ئورمیە

٥- ڕامین هەنارە، کوڕی جەهانگیر، خەڵکی گوندی خەرابە سنجی و دانیشتووی ئورمیە

ئەو ٥ بەندکراوە کوردە، ڕۆژی پێنج شەممە، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارەیان، ڕاگواستراونە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی ئورمیە و بەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، سزای لەسێدارەدرانەکەیان جێبەجێ کراوە.

ئەو ٥ هاونیشتمانییە بە تاوانی مادە هۆشبەرەکان، لە سێدارە دراون.

ڕۆژی شەمم ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە بەندخانەی ئورمیە ٤ هاووڵاتیی تری کوردی خەڵکی ئەم باژێرە لە سێدارە دران کە ناوەکانیان بریتی بوو لە:

١- میرحاج عەبدی، کوڕی شوکری، خەڵکی گوندی کەلهوڕان لە ناوچەی تەرگەوەری ئورمیە.

٢- سۆفی کلونەک زادە گەنگەچین، کوڕی سۆفی بێمال، خەڵکی گوندی لورینکانی سەر بە ناوچەی تەرگەوەری ئورمیە.

٣- خەلیل مووسا کوسی، کوڕی سەمەد، خەڵکی گوندی پوستی لە ناوچەی کەناربەرۆژی سەر بە ئورمیە.

٤- خەیرەدین مەشموول، کوڕی مراد، خەڵک گوندی بلولابادی سەر بە ئورمیە.

هەر لەو ماوەیەدا، سزای لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی تری کورد بە ناوی “شێخ مراد ئیبراهیمی”، ڕؤژی دووشەممە ١٩ی پووشپەڕ لە بەندیخانەی شاری مهاباد بەڕێوەچوو کە ناوبراو خاوەنی کچێکی تەمەن ٩ ساڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی ئوتیسم بوو.

هەروەها، ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، سزای لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی تر بە ناوی “سەلاحەدین پارت”، خەڵکی گوندی گولان کانی، سەر بە شاری ئورمیە و باوکی ٣ منداڵ، لە بەندیخانەی لاکان لە شاری ڕەشت جێبە جێ کرا کە دەگوترێ مەترسیی لەسێدارەدانی ژنەکەشی لە ئارا دایە.

لەلایەکی تریشەوە، سزای لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی تر بە ناوی “عەبدووڵا پۆشتکار”، ڕۆژی سێ شەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە بەندیخانەی شاری سنە بە تاوانی “مرۆڤکوژیی بە ئانقەست” جێبە جێ کراوە.

چالاکانی سیاسی لەو بڕوایەدان، کە لە سێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد بەتایبەتی لە شاری ئورمیە، سیاسەتێکی ڕژیم و بەتایبە بەرپرسانی تورکی ئەو شارەیە کە بە نیازن ئاسەواری کوردبوون لە سیمای ئەو شارە کوردستانییە بسڕنەوە.