خۆکوژیی لاوان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، قەیرانێکی بێ کۆتایە

0
942

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، گەنجێکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی “عەباس عەزیمی”، تەمەن ٣١ ساڵان و خاووخێزاندار، لە ڕێگای خواردنی حەبی برینجەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو گەنجە کوردە کە خاوەن ژن و یەک منداڵە، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕ، لە شەقامی “ژاندارمری” ـی شاری سنە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هۆکاری خۆکوژیی ئەو گەنجە کوردە تا ئێستاش ناڕوونە.

خۆکوژیی گەنجان و هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، بۆتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و تا ئێستاش نەتەنیا هیچ لێکۆڵینەوە و خەسارناسی و بەدواداچوونێکی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بۆ نەکراوە، بەڵکوو بە هۆی گوشاری ئابووری و بێ دەرەتانی و زێدەبوون و پەرەئەستاندنی مادەهۆشبەرەکان و خیانەت لە ژیانی هاوبەش، کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژهەڵاتی تەنیوەتەوە و لە پەرەئەستاندن دایە.

لە ماوەی چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا، تەمەن ٢٤ ساڵانی خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە بە ناوی”هەژار نەسیری” بە هۆی خواردنی حەبی برینج کوتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنابوو.

بەشێکی تر لە خۆکوژییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا:

ڕۆژی دووشەممە ١١ی گوڵانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لاوێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی”مێهران پارسا”، کوڕی سەلام خۆی کوشتووە.

هۆکاری ئەو خۆکوژییە تا ئێستاش ناڕوونە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمە دووهەمین حاڵەتی خۆکوژییە، کە لەماوەی مانگی گوڵانی ١٣٩٦ی هەتاوی و لە ماوەی نزیک بە یەک حەوتوودا لە شاری سەردەشت هاتۆتە ئاراوە.

حەوتووی ڕابردوو، لاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵانی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی”ج.خ” لە رێگای خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٩ی گوڵانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵان لە شاری مەریوان بە ناوی دونیا دادگوستەر، خۆی کوشت و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەشەمەی۱۳۹٥ـی هەتاوی گەنجێکی تەمەن ۲۰ ساڵان بە ناوی “سروش مەعرەفەت” لە گەڕەکی “سەرقەبرانی” شاری سەقز لە ڕێگای خۆخنکاندنەوە بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەوە ١٧ـەهەمین خۆکوژیی هاووڵاتییانە کە لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە لە شاری سەقز تۆمار کراوە.

تا ئێستا هۆکاری سەرەکی ئەم خۆکوژیە ڕوون نەبوەتەوە ، بەڵام دەکوترێت بە هۆی کێشەی خێزانەوە خۆی کوشتووە.

هەروەها شەوی پێنج‌شەممەی ڕابردوو ٦ی ڕەشەمە، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی خەڵکی گوندی “قەڵارو  تەڵە”ی سەر بە شاری دیواندەرە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەمبارەوە رایگەیاندووە، ئەو لاوە تەمەن ٢٢ ساڵانە کە تا ئێستاش شوناسی ناڕوونە، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی بە خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە هەمان ڕۆژدا، ژنێکی ٤٥ ساڵانی خەڵکی گوندی کانی سپی ـی سەر بە شاری شنۆ، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا کە دوای ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئورمیە بە هۆی قووڵ بوونی برینەکانی، گیانی لە دەست دا.

بێکاری، هەژاری، دەستکورتی و کێشەی بنەماڵەیی لە ناوچە و لە شار و پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە هۆکاری سەرەکیی خۆکوژییەکان لە نێو هاووڵاتییانی کورد بەئەژمار دێن.