ئاسایشی هەرێمی کوردستانی باشوور، گەنجێکی ڕۆژهەڵاتی لە پێنجوێن دەستبەسەر کرد

0
1913

مرۆڤایەتید: بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات گەیشتووە، گەنجێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لەلایەن ئاسایشی شاری پێنجوێن لە کوردستانی باشوور، دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانە، عەدنان ڕەشيدى، خەڵکی شاری مەریوان كە ماوەى سێ ساڵە لە قەزاى پێنجوێن نيشتەجێيە، لەلایەن ئاسایشی ئەو شارەوە دەستبەسەر.

تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو گەنجە ڕۆژهەڵاتییە ڕوون نییە و بەرپرسانى ئاسايشی ئەو شارەش ئامادەنين هيچ ڕوونكردنەوەيەك لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو گەنجە بدەن.

عەدنان ڕەشیدی، ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانە و لە شاری پێنجوێن خەریکی کرێکاری بووە و هاوکات لەگەڵ چەند ماڵپەڕی کوردیش کاری ڕۆژنامەوانی ئەنجام داوە.

کاناڵی “ئێن ئار تی”، لەمبارەوە بڵاوی کردەوە کە  “ئەو گەنجە کوردە ڕۆژهەڵاتییە لەسەر بڕيارى دادوەر و بەشێوەيەكى فەرمى دەستگيركراوە، بەتۆمەتى ئەوەى لە سنوورى پێنجوێن سەرقاڵى كارى قاچاخچێتى بووە”.

کۆمەڵەى مافى مرۆڤى کوردستانیش لەمبارەوە وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بڵاوی کردۆتەوە کە “عەدنان رەشیدی، دواى ڕاگرتنى بۆ ماوەى زیاتر لە ٤ کاتژمێر لە ئاسایشى پێنجوێن، بۆ شوێنێکى نادیار گواستراوەتەوە.”

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوی خۆیدا، وێڕای مەحکووم کردنی دەستبەسەرکردنی ئەو ئەندامەی خۆیان، داوای کردووە بە زووترین کات ئازاد بکرێت و داواشیان لە ڕێکخراوەکانى  ڕێکخراوە  مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانى بوارى مافى مرۆڤ لە باشوورى کوردستان کردووە، هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ ئازادکردنى ئەو ئەندامەیان.

عەدنان ڕەشیدی، ماوەى ١٢ ساڵ لە ئێران زیندانیى سیاسى بووە و دواتر بەهۆى گوشارەکانى ئێران بە ناچار ڕووی کردۆتە کوردستانی باشوور و لە پێنجوێن نیشتەجێ بووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، وێڕای مەحکووم کردنی بێ هۆکار و سەربەخۆی هاووڵاتییانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن دەزگای زانیاری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، داوای ئازادکردنی عەدنان ڕەشیدی دەکات و ڕاشکاوانەش رایدەگەیێنێ، چاوەڕوانییەکی زیاتر لە حکومەتی هەرێم بەتایبەت لە هەمبەر چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد دەکرێ کە بە ناچاری پەنا دەبەنە بەشێکی تر لە خاکی کوردستان، بەڵام لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا چەندین کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردی ڕۆژهەڵات بە بیانووی جیاجیاوە لە هەرێمی کوردستانی باشوور دەستبەسەر کراون و لاشمان وایە ئەو پیلانە دەستی دەرەکی تێدابێت و لەسەر راسپاردەی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی ئێران ئەنجام بدرێت.