دوکتور هێرش قادری ماوەی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە دەستبەسەر کراوە

0
3184

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵێک کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات گەیشتووە، ماوەی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە، توێژەر و نووسەری کوردی کوردستانی خۆرهەڵات، دوکتور هێرش قادری، لەلایەن ئاسایشی شاری زاخۆ لە کوردستانی باشوور، بە بیانووی نەبوونی “مۆڵەتی نیشتەجێ بوون” دەستبەسەر کراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، دوکتور هێرش هەڵگری بڕوانامەی دوکتورا لە بواری زانستە سیاسییەکان و نووسەری پەرتووکی “ئەقڵی سیاسیی ئێرانییەکان و ناسنامەخوازیی کورد”، تا ئێستاش لە ئاسایشی زاخۆ دەستبەسەرە و هەوڵەکان بۆ ئازادکرانی ناوبراو بێ ئەنجام ماونەتەوە و ئاسایشی زاخۆ بە بیانووی جیاجیا خۆی لە ئازادکردنی ناوبراو دەبویرێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بنەماڵەی دوکتور هێرش قادری لەمبارەوە لە پەیوەندییەک لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات گوتی: “پێدەچێ هۆکاری ڕاگرتنی دوکتور هێرش لەلایەن ئاسایشی شاری زاخۆوە، هەندێک بابەت و نووسینی ڕەخنەییانەی ئەو لەسەر دۆخی کوردستانی باشوور و بەتایبەتی پارتی دێموکراتی کوردستان بێت”.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە، نەبوونی مۆڵەتی نیشتەجێ بوونی بە بیانوو زانی و گوتی: “لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دوکتور هێرش بەردەوام لە کاناڵی تلێگرام و هەروەها فەیسبووکی خۆی، بابەتی ڕەخنەییانەی تا ڕادەیەک توندی ئاراستەی کوردستان بە گشتی و دۆخی کوردستانی باشوور و پارتی دێموکراتی کوردستان کردووە، کە بە بڕوای ئێمە هۆکاری ئەو دەستبەسەرکردنە تەنیا ئەو باسانە بێت و بێ گومان پێویست ناکات بە هۆی نەبوونی مۆڵەتی نیشتەجێ بوون، زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ ڕایگرن”.

سەرچاوەی ئەو هەواڵە باسی لە دۆخی دوکتور هێرش کرد و بە جێگای نیگەرانی باس کرد و گوتی: “دوکتور هێرش کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی خۆی بەو قەناعەتە گەیشتووە کە کورد تا ئێستا ئەقڵییەتێکی نەتەوەیی بۆخۆی ساز نەکردووە و بە رلە هەر هەنگاوێک پێویستە ئەو ئەقڵییەتە ساز ببێت و وەپێش ئەقڵییەتی حیزبی و عەشیرەیی بکەوێ، دوای قاچاغ بوونی لە ئێران و چوونی بۆ کوردستانی باشوور، لەلایەن چەند حیزبێکەوە پێشوازی لێکرا بەڵام مەرجی پیداهەڵگوتن و پشتگرتن لە حیزبەکەیان بۆ دانا کە ئەویش بە هەموو شێوەیەک ڕەتی کردەوە، هەر ئەوەش بوو بە هۆکار کە دوای پێشوازییەکی تاڕادەیەکی باش لە سەرەتادا، دواتر دەست بکرێت بە لەمپەر سازکردن بۆ دوکتور هێرش تا لە ئەنجامدا بە بیانوویەکی ئەوتۆ ساکار، دەستبەسەر کرا”.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، ڕایدەگەیێنێ، ڕاگرتنی زیاتری دوکتور هێرش لەلایەن هر دەزگایەکی کوردییەوە و بە هەر بیانوویەک، پاساوهەڵنەگرە و دەچتە خانەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی کورد لەلایەن کوردەوە کە لە کورد و دەوڵەتی کوردی چاوەڕوان نەکراوە، لە هەمان کاتێشدا خەسارێکی گەورەیە کە تووشی نووسەران و خاوەن رایانی کورد دەبێتەوە و بە واتای دمبەست کردنی قەڵەم و قەڵاچۆکردنی ئازادیی ڕادەربڕینە. هەر بۆیە داواکارین بە زووترین کات و بێ هیچ کۆسپ و بیانوویەک، دوکتور هێرش قادری ئازاد بکرێت و کۆتایی بەو هەڵە مێژووییانە بهێندرێت.