مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی دیاكۆ هاشمی تەمەن 24ساڵان و خەڵکی ڕوانسەر، لەژێر ئەشکەنجەی وەزارەتی ئیتلاعات گیانی لە دەست داوە.
دیاکۆ هاشمی لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لە وڵاتی فینلاند مافی پەنابەری پێدرابوو و بە هۆی نەخۆشیی باوکی و بۆ سەردان گەڕابۆوە ئێران.
لە دوای گەڕانەوەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە کەرەج دەستبەسەر کراوە و زیاتر لە ٢ مانگ لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە.
دیاکۆ لە ژێر ئەشکەنجەی توند و لەڕادەبەدەری ئیدارەی ئیتلاعات گیانی لە دەست داوە و ئیدارەی ئیتلاعات باوکیان بانگ کردووە بۆ کەرەج و پێیانڕاگەیاندووە کە کوڕەکەتان لە بەندیخانەدا گیانی لە دەست داوە.
وەزارەتی ئیتلاعات هەروەها هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە بە هیچ چەشنێک بۆیان نیە مەرگی کوڕەکەیان بە ڕاگەیاندن بکەن ئەگینا ڕووبەڕووی هەڕەشە و لێپرسینەوە دەبن.