دادگای شۆڕشی مەهاباد حوکمی دەستبەسەرداگرتنی بارمتەی چالاکێکی مەدەنیی کوردی دەرکرد

0
1785

 ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات (مرۆڤایەتی): بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان – ڕۆژهەڵات، لقی بەڕێوەبەریی دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد لە ڕێگای ناردنی نامەیەکی ئاگادارکەرەوە بۆ کاوە حەسەن پوور، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە، داوای لە ناوبراو کردووە کە بۆ بەڕێوچوونی ماوەی حوکمەکەی، خۆی بەو لقە بناسێنێت.

لە هەمان کاتدا زانیارییەکان باس لە گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی شاری مهاباد، بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی نیشتەجێی هەندەران دەکەن.

لەو نامەیەدا هاتووە؛ “لە ماوەیەکی دیاری کراودا “کاوە حەسەن پوور” کوڕی “عەلی” بۆ بەرێوەچوونی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە لقی بەڕێوەبەری بناسێنێت، ئەگینا بارمتەی دانراو لە پێناو ئازادیی کاتیی ناوبراو، کە بڕی ١٠٠ میلیۆن تمەنە، لە بەرژەوەندیی دەوڵەت دەستی بەسەردا دەگیرێت.”

بەپێی ئەو نامەیە هەتا ٧ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، دەرفەت دراوە بە بنەماڵەی حەسەن پوور تا خۆیان کوڕەکەیان بۆ بەڕێوەبردنی ماوەی حوکمەکەی بە لقی تاوانەکانی دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد بناسێنن.

كاوه‌ حه‌سه‌ن پوور، ٣٦ ساڵی‌ ته‌مه‌نە و خه‌ڵكی‌ نه‌غه‌ده‌یە‌ و پاش ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند ساڵ‌ لەمەوبەر لە حوکمێکدا سزای ١٨مانگ بەندکرانی‌ به‌سه‌ردا سه‌پا، له‌ دادگای‌ پێداچوونه‌وه‌دا سزاکەی‌ بۆ ٣ساڵ‌‌ و نیو زیاد كرا.

کاوە حەسەن پوور، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی زانستی، وێژەی و فەرهەنگی”هەتاو” بووە و بڵاڤۆکێکی هەر بە ناوە بڵاوکردووتەوە، کە پاش دەستبەسەر کردنی ناوبراو، ئەو بڵاوکراویەش یاساغ کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە ئێستا نیشتەجێی وڵانی نۆروێژە و لە ژێر گوشارەکاندا، ناچار بە بەجێهێشتنی زێدی خۆی بووە.