کاسبکارێکی تری کورد لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە کوژرا/٦ کوژراو و بریندار لە ٤ ڕۆژدا

0
2092

مرۆڤایەتی: ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ هەتاوی، كاسبكارێكی كورد لە شاری کامیاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژرا.

شوناسی ئەو هاووڵاتی کوردە، “مەهدی جەمشیدی”، خەڵكی گوندی ئافریانی سەر بەشاری كامیاران ڕاگەیێندراوە.

ماڵپەڕی ئاسۆی ڕۆژهەڵات لەمبارەوە نووسیویەتی، “ئەو هاونیشتمانییە کوردەی خەڵکی کامیاران تەنیا بە هۆی ئەوە کە گومانی هەڵگرتنی باری قاچاغی لە سەر بووە، لە نزیك گوندی ئافریان لە لایەن هێزە ئینتزامییەکان تەقەی لێکراوە و کوژراوە”

مەهدی جەمشیدی، سەرپەرستی بنەماڵە بووە و بۆ بژێوی ژیانی خۆی و بنەماڵەكەی رووی لە كاسبکاری كردووە.

شەوی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی کوردی تەمەن ٢٠ ساڵانی خەڵکی گوندی ژیوار لە بەرزاییەکانی گەردەنەی تەتەـی ناوچەی هەورامان کەوتە خوارەوە و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست داوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، ژومارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە خاڵە سنوورییەکانی شاری سەردەشت کەوتنە بەر دەستڕێژی هێزەکانی ڕژیم و لە ئەنجامدا ٣ کەس بریندار بوون و کەسێکیش ژیانی لە دەست داوە و دوو کەسی تریش بریندار بوون کە ناوەکانیان نەزاندراوە.

شوناسی ئەو ٤ کەسە بریتیە لە: “ڕەحمەت”، خەڵکی گوندی بێوران، “سیامەند” تەمەن ١٨ ساڵان و خەڵکی ناوچەی ئالان، مەحموود هەمزەیی، کوڕی قادر کە بریندار بوون و ئەحمەد مام قادری کە گیانی لە دەست داوە.

دەگوترێ ٢ کەسی تریش کە لەو هێرشەدا بریندار بوون بۆ کوردستانی باشوور و نەخۆشخانەی شاری قەڵادزێ ڕاگواستراون.