دوو ئەندامی تری بنەماڵەی حوسێن پەناهی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران

0
1421
پروانه حسین پناهی

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مرۆڤایەتی، پەروانە حوسێن پەناهی، کچی گەورەی بنەماڵەی حوسێن پەناهی، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە جل شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە دێوڵان، دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی ئەمجەد حوسێن پەناهی، برای پەروانە حوسێن پەناهی، ئیقباڵ حوسێن پەناهی، مێردی پەروانە، لە کاتی سەردانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی دێوڵان، دەستبەسەر کراوە.

هێزە جل شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، لەکاتی دەستبەسەرکردنی پەروانە، تەواوی ماڵەکەیان لێکداوە و دواتر لە پێش چاوی بنەماڵەکەی دەستبەسەریان کردووە.

تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکرانی پەروانە و ئێقباڵ حوسێن پەناهی ناڕوونە بەڵام ئەوە یەکەمجار نیە کە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی دەستبەسەر و بەند دەکرێن.

پەروانە حوسێن پەناهی، پێشتریش سزای سێ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویهەبووە بەڵام بە وتەی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی، ماوەی ئەو سزایە سێ ساڵ لەمەوبەر تەواو بووە و ناتوانێ هۆکاری ئەو دەستبەسەرکردنە بێت.

هەروەها سیروان حوسێن پەناهی، کوڕی گەورەی پەروانەش، بە هۆی چالاکیی مەدەنی، ماوەی چەند ساڵ بەند کراوە و پویا حوسێن پەناهیش ماوەیەک لەمەوبەر لە بەندیخانە ئازاد بووە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و دوای دەستبەسەرکرانی ئەنوەر حوسێن پەناهی، بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی بە شێوەی جیاجیا و بە بیانووی جیاواز، دەستبەسەر دەکرێن یان بانگهێشتی بنکە تەناهییەکان دەکرێن و هەڕەشە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێ.

بنەماڵەی حوسێن پەناهی، پێشتر چەند جاران نامەیان بۆ بنکە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لە ناویاندا بۆ ئەحمەد شەهید نووسیوە و داوایان کردووە ئەو زەخت و گوشارانەیان لەسەر لابردرێ و رابگیردرێ.