هاجەر پیری، کۆتایی بە مانگرتنی خۆی هێنا

0
1479

مرۆڤایەتی: بەپێی زانیارییەکان، هاجەر پیری بەندکراوی سیاسیی کورد ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٠ بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی،  لە بەندیخانەی تەورێز لە شەشەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

هاجەر پیری لە  ڕۆژی سێشەممە، ١٤ بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوییەوە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە  باروودۆخی نالەباری بەندیخانە و دۆخی نالەباری تەندروستی و گواستنەوەی بۆ بەندی تاوانبارانی مەترسیدار دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، دوای گواستنەوەی بۆ بەندێكی تر و وڵامدانەوە بە داخوازییەكانی كۆتایی بە مانگرتنەكەی هێنا.

هاجەر پیری، ڕۆژی هەینی رێکەوتی ٣ی بەفرانبار، هاجەر پیری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی نەغەدە بە دەستبەندەوە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە لە زیندانی کرمانەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی تەورێز.

هاجەر پیری تەمەن ٣٣ ساڵی ١٣٨٦ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری نەغەدە دەستبەسەر کراو ماوەی ٧ مانگ لە گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی رژیمی ئێراندا لە ورمێ و نەغەدە لەدەستبەسەریدا بوو.

ئەو ژنە چالاکە، سەرئەنجام مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٦ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا حوکمی ١٧ ساڵ زیندانیی تەعزیریی و دوور خرانەوەی بۆ زیندانی کرمانی بۆ بڕایەوە.

ئەو زینداییە سیاسییە کوردە، لە کاتێکدا نۆیەمین ساڵی زیندانی کرانی خۆی تێپەڕ دەکات، کە هەتا ماوەیەک پێش ئیستا هیچ هەواڵێک لەمەڕ دۆخی ئەو زینداییە سیاسییە لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاو نەکرابوویەوە.