سوهەیلا سادقی، بەندکراوی سیاسیی کورد، پێنج ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

0
1612

مرۆڤایەتی: دوابەدوای دەست پێکردنی شەپۆلێکی بەرین لە مانگرتن لە ناو بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ـدا، سوهەیلا سادقی، کچە بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندیخانەی کرمان، بە هۆی بێ ڕێزی کردن بە بەندکراوانی سیاسیی و بنەماڵەکانیان و پێشێل کرانی مافە یاسایی و سەرەتاییەکانیان، لە ٣١ی دێسامبری ٢٠١٦ـەوە مانی لە خواردن گرتووە.

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٤ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، پێنجەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی ئەو بەندکراوە سیاسی کوردەیە و تا ئێستا بەردەوامە.

سوهەیلا سادقی، خەڵکی دیواندەرەیە و مانگی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، کاتژمێر ١١ی شەو، لە لایەن هێزە تەناهی و ئیتلاعاتییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندیخانەی کرمان وێڕای ئەفسانە بایەزیدی و چەند کچە کوردی تر، دەستبەسەرە و سزای ٣ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکرانی بەتاوانی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بەسەردا سەپاوە.

سوهەیلا پاش دەستبەسەرکرانی، ماوەی ١٠ ڕۆژ لە بەندی گشتیی ئیتلاعاتی دیواندەرەدا بووە و ماوەی ٤ مانگیش بێ چارەنووس لە بەندیخانەی دیواندەرە، بەندکراوە.