شەپۆلێکی بەرینی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان دەستی پێکردۆتەوە

0
803

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری “مرۆڤایەتی” لە مهاباد، دوو لاوی ئەو شارە بە ناوەکانی یۆنس سادق زادە، کوڕی عەبدووڵا، ٢٥ ساڵان و حەتەم جەعفەری، کوڕی هەمزە، تەمەن ٣٣ ساڵان، کاتژمێر ١٢ی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، دەستبەسەر کراون.

بەپێی بەدواداچوونی هەواڵنێری مرۆڤایەتی لەمبارەوە، ئەو دوو هاونیشتمانییە کوردەی خەڵکی مهاباد بەپێی یەک ڕاپۆرتی هاوبەش لەسەریان و بە تاوانی هاوکاری و پەیوەندی بە شێوەی هاوبەش، لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو دوو لاوە مهابادیە، لە ئێستادا لە ئیتلاعاتی سپای مهاباد راگیراون بەڵام هیچ زانیارییەک لەمەڕ دۆخی جەستەیی و دەروونییان لەبەردەستدا نیە.

ڕۆژی هەینی، ٣ بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاویط ئیدریس ئیسماعیل زادە خەڵکی شاری سەردەشت لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی دەستبەسەر کراوە.

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی بۆکانی بە ناوی «سەید تەها ڕەشیدی»، ماوەی ٢  مانگە لە ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەرە و لێپێچینەوەی لێدەکرێت.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی بۆکان، ماوەی ٢ مانگ لەوەی پێش لە شوێنی کارەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە.

دەگوترێ ئەو هاووڵاتییە بە تاوانی هاوکاری و لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کراوە.

لەلایەکی ترەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانبار، مەلا رەزا عەبدی، مامۆستای ئایینیی كوردی خەڵکی ئورمیە، لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئاینیی تەورێزەوە سزای ٦ مانگ زیندان و ٢٢ سال دوورخرانەوە لە ئورمیەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانبار، هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی شنۆیە بەناوی “مەسعوود ئالانی” بە هۆی گوتنی گۆرانیی شۆڕشگێڕانە لە شایی و زەماوەند، بە تاوانی لایەنگری لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم، دەستبەسەر کراوە.