محەمەدئەمین ئاگوشی، لە ڕێگای نامەیەکەوە داوای ئازادکرانی خۆی و بەندکراوە سیاسییەکان دەکات

0
1207

مرۆڤایەتی: بەپێی نامەیەک کە لەلایەن چەند ماڵپەڕی چالاکی مافی مرۆڤەوە بڵاو کراوەتەوە، محەممەدئەمین ئاگوشی، لە نامەیەکی توندەوە، لە بەندیخانەی تەورێزەوە، ڕوو لە کۆمەڵگای ناونەتەوەیی، داوای ئازادکرانی خۆی و بەندکراوە سیاسییەکانی تر دەکات.

بەشێک لە نامەکەی بەو شێوەی خوارەوەیە:

هەموو لایەک دەزانن کە من محەممەدئەمین ئاگوشی، زیاتر لە یەک دەیەیە لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە دژوارترین دۆخدا، بەندکراوم. بەشی زۆرینەی بەندکرانەکەم لە ژوورە تاکەکەسی و تایبەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا، تێپەڕ بووە. ئایا تاوانی من ئەوەندە مەترسیدار و زۆرە کە سەرەڕای نەخۆشیم، دە ساڵە لە بەندیخانەدا بمێنمەوە؟

لەو ماوەیەدا، بنەماڵەکەم لێک هەڵوەشاوە بەڵام پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بەوەش ڕازی نەبوون و وازیان نەهێنا.

ساڵی ڕابردوو، پاشماوەی بنەماڵەکەم بە هۆی گوشار و زۆردارییەکان، شوێنی ژیانی خۆیان بەجێ هێشت و پەرتەوازە بوون و ئێستا لە کەمپە شەق و شڕەکانی ئاڵمان  دەژین.

ئایا وڵاتانی پارێزەری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کومیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ، تا ئێستا چیان بۆ ئێمە ئەنجام داوە؟

لێرەوە داوا لە وڵاتانی پارێزەری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کومیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ و سەرجەم بنکەکانی مافی مرۆڤ دەکەم تا بۆ ئازادکرانی من و بەندکراوە سیاسییەکانی تر، ڕاگەیێندراو بدەن و داوای ئازادکرانمان بکەن.

داواش لەسەرجەم ڕاگەیێنە برواپێکراوەکان دەکەم کە بە بڵاوکردنەوەی ئەو پەیام و داواکارییەی من بە شێوەیەکی بەربڵاو، ئازار و کوڵەکانی منی زۆرلێکراو، بگەیێنن بە گوێی خەڵکی جیهان.

محەممەدئەمین ئاگوشی

بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز

بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی