هاووڵاتییەکی شاری سەردەشت لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا

0
1370

مرۆڤایەتی: ئیدریس ئیسماعیل زادە خەڵکی شاری سەردەشت لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ناوەندی هەواڵی ئاسۆی ڕۆژهەڵات، ئەو هاوولاتییە کوردەی شاری سەردەشت، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٣ بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە فەلەکەی پارکی کودەکی شاری سەردەشت، دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەک لە شوێنی دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە کوردە بە ناوەندی هەواڵنێری ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیدنووە کە هێزە ئەمنیەتییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە کوردە دەستیان کرد بە ئەزیەت و ئازاری ناوبراو.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تاوانی ئەنجام دانی چالاکیی سیاسی و هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی دژبەری ڕژیمی ئێران، دەستبەسەر کراوە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حیزبە کوردییەکان بە هەڵوەشاوە دەناسێنێ و باس دەکات بەڵام بەردەوام هاووڵاتییانی کورد بە تاوانی هاوکاریی حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر و ئەشکەنجە دەدات و سزای سێدارە و بەندکرانیان بەسەردا دەسەپێنێی.

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی بۆکانی بە ناوی «سەید تەها ڕەشیدی»، ماوەی ٢  مانگە لە ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەرە و لێپێچینەوەی لێدەکرێت.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی بۆکان، ماوەی ٢ مانگ لەوەی پێش لە شوێنی کارەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە.

دەگوترێ ئەو هاووڵاتییە بە تاوانی هاوکاری و لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کراوە.