ئەسرین ئەمین زادە، بەندکراوی سیاسیی کورد، ٣ ساڵ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

0
1352

مرۆڤایەتی: بەپێی بەدواداچونی هەواڵنێری “مرۆڤایەتی”، ئەسرین ئەمین زادە، چالاکی خوێندکاریی کورد، لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوییەوە، بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگواستراوە.

ئەسرین ئەمین زادە، دوای چەند مانگ دەستبەسەربوون و ئەشکەنجەکران لە ئیدارەی ئیتلاعات و ناڕوون بوونی جێگا و شوێنی، لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە، بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم، سێ ساڵ سزای بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپا.

بە گوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو خوێندکارە کوردە، ماوەی سێ مانگ لە ئیتلاعاتی مهاباد لەژێر لێپێچینەوە و ئەشکەنجەدابووە و دواتر بە هۆی ئەوەی کە خوێندکاری زانکۆی کوردستان لە سنە بووە، بۆ دادگایی کران و کێشانی ماوەی سزاکەی، بۆ سنە گواستراوەتەوە.

ئەسرین ئەمین زادە، کچی بەهائەدین، تەمەن ٢٤ ساڵان و خوێندکاری بواری ژمێریاریی زانکۆی کوردستان، ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی مهابادەوە لە ماڵی باوکی دەستبەسەر کرا.
دوای زیاتر لە ٥ مانگ بی سەروشوێنی، دەرکەوت کە ئەسرین لە لایەن دادگای شۆڕشی سنەوە، ٣ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپاوە.

ئەو خوێندکارە کوردە ئێستا لە بەندیخانەی سنە، دەستبەسەرە.