٧ هاووڵاتیی کورد لە بۆکان لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران

0
1165

مرۆڤایەتی: دەستبەسەرکرانی هەرەمەکیی هاونیشتمانیان لە لایەن هێزە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوامە. لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا ٧ کەس لە خەڵکی ناوچەی سیمینەی سەر بە شاری بۆکان لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزە ئاسایشییەکانی ڕژیم لە بەشی سیمینەی سەر بە شاری بۆکان، ٧ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنی نادیاریان ڕاگواستوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤایەتی، شوناسی ٣ کەس لە دەستبەسەرکراوەکانی “هیوا قادری ئەقدە، کوڕی ڕەحیم,، “محەممەد ئەلیاسی” و “ئیبراهیم ئەمجەدی”، کە هەر سێ کەسیان خەڵکی گوندی قەرەگۆل ـن، ڕاگەیاندووە.

دەگوترێ ئەو ٧ کەسە بە تاوانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە هێزە کوردەییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.

هێزەکانی ئیتلاعات، وێڕای دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە، ماڵەکانیان پشکنین و هەندێک لە کەرستە و کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

تا ئێستا، شوناسی ٤ کەسی تر لە دەستبەسەرکراوەکان ڕوون نیە بەڵام دەگوترێ خەڵکی گوندەکانی نزیک بە گوندی قەرەقۆل ـن و دوای دەستبەسەرکران بۆ بەندیخانە و ناوەندەکانی ئیتلاعاتی ئورمیە ڕاگواستراون.

ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی١٣٩٥ هەتاویش، ٤ کەس لە خەڵکی گوندی چەشمەگۆل ـی سەر بە شنۆ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.