٣ لاوی تری گوندی قەرەگۆل ـی بۆکان لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران

0
996

مرۆڤایەتی: مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، سەرەتای ئەم حەوتوویە هێر سێ هاووڵاتیی گوندی “قەرەگۆل”ـی بەشی سیمینەی سەر بە بۆکان ـیان دەستبەسەر کردووە بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەوە.

هەواڵدەریی کوردپا شوناسی یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان ، “هیوا قادری‌ئەقدەم” ڕاگەیاندووە.

هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری بۆکان، وێڕای دەستبەسەرکردنی ئەو ٣ هاووڵاتییە، ماڵەکانیان پشکنیەوە و هێندێک کەرەستە و کەلوپەلی تاکەکەسیی ئەو سێ لاوەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

شوناسی دوو کەسەکەی تر تا ئێستا ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی کوردپا، هەر لەو پەیوەندییەدا، کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو گوندە بە ناوەکانی “حوسێن، سابیر و هێمن هەمزە پوور” کە بران، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا بوون و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرابوون.

لەو سێ برا دەستبەسەرکراوە، حوسێن هەمزەپوور هەتا ئێستا لە زینداندایە، بەڵام سابیر و هێمن بەدانی بەڵێننامە بە سپا، بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

دۆخی گوندی قەرەگۆل بە تەواوەتی پۆلیسی و ئەمنیەتییە و هەر حاڵەتێکی هاتوچۆی هاووڵاتییان لە گوندەکە و بەپێچەوانەوە، لەگەڵ “ڕێوشوێنی ئەمنیەتی” بەرەوڕوو دەبێتەوە.

هەواڵدەریی کوردپا ئەو دۆخەی گوندی قەرەگۆلی گەڕاندۆتەوە بۆ پەیوەست بوونی چەندین لاوی ئەو گوندە بە ڕیزی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەش مانگی ڕابردوودا.