ئارام فەتحی، چالاکی فەرهەنگی و خوێندکاری کورد لەزیندان ئازاد کرا

0
1400

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری مرۆڤایەتی، ئارام فەتحی، خوێندکار و چالاکی مەدەنیی مەریوان، دوای ١٠ ڕۆژ دەستبەسەری لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای مەریوان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی ئازاد بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە،بارەوە بە هەواڵنێری مرۆڤایەتی گوت: “ئارام فەتحی ماوەی ٩ ڕۆژ لە ئیتلاعاتی سپای مەریوان ڕاگیراوە و دۆینێ سێ شەممە دراوە بە زیندان و ئەمڕۆ بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆنی ئازاد کراوە”.

ئارام فەتحی رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ١٥ی سەرماوەز بە تۆمەتی “رێکخستنی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لەمەڕ کوشتاری کۆڵبەران” و “هاندانی خەڵک بۆ بەشداری کردن لە خۆپیشاندان”دا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەو چالاکە کوردە، رۆژی سێ‌شەممە ٢٣ی سەرماوەز بۆ ماوەی ٩ رۆژ لە ئیتلاحاتی شاری مەریوان لەژێر لێپرسینەوە و هەڕەشەدا بوو.

ئارام فەتحی، چالاکی فەرهەنگی و ئەندامی ئەنجومەنی ڤەژین و مەولەوی، هەتا ئێستا چەندین خولی پەروەردەی زمانی کوردیی لە شاری مەریوان بەڕێوە بردووە.

ئەو چالاکە خویندکارییە پێشتریش بەهۆی چاپی کتێبێکی شێعری، بەرەوڕووی هەڕشەی هێزە ئیتلاحاتییەکانی رژیمی ئێران ببوویەوە.

بەپێی راگەیاندنی چالاکان و هاووڵاتیانی مەریوانی، بڕیاربوو، رۆژی پێنج‌شەممە، رێکەوتی ١٨ی سەرماوەز بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربرین بە کوشتاری سیستماتیکی کۆڵبەرانی کورد، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایتەی لەبەردەم فەرمانداریی شرای مەریوان بەرێوەبچێ.

لەماوەی یەک مانگی رابردوودا زیاتر لە ١٠ کۆڵبەڕ بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رژیم ئێران کوژراو و بریندار بوونە، کە ناڕەزایەتیی و نیگەرانیی چالاکانی کوردی لێکەوتۆتەوە.