خوێندکارێکی پاوەیی، بە هۆی گازگرتووییەوە لە مەراغە کۆچی دوایی کرد

0
1032

مرۆڤایەتی: بەپێی زانیارییەکان، دوانیوەڕۆی ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، خوێندکارێکی کوردی خەڵکی پاوە لە کوردستانی خۆرهەڵات بە هۆی گازگرتووییەوە، مردووە.

هەواڵدەرییە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە هێمن محەممەدمرادی، تەمەن ٢١ ساڵان، خەڵکی پاوە و خوێندکار لە زانکۆی مەراغە، لە ناو حەمام و بە هۆی گازی منۆئۆکسیکەربۆن، گیانی لە دەست داوە.

هاوکات، خوێندکارێکی تری کوردی خەڵکی بۆکان کە لەگەڵ هێمن محەممەدمرادی هاوماڵ بووە، تووشی گازگرتوویی بووە کە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و دەرمانی پێویستی بۆ کراوە.

هێمن محەممەدمرادی، کوڕی کامران محەممەدمرادی و لە بنەڕتدا خەڵکی گوندی نەجاڕ و نیشتەجێی شاری پاوە بووە.