مامۆستایەکی زانکۆی ئازادی بۆکان لە وانەوتنەوە دوورخرایەوە

0
1379

مرۆڤایەتی: مامۆستایەکی زانکۆی ئازادی بۆکان، بە بڕیاری سەرۆکی زانکۆ و هەروەها حەراسەت (بەشی ئاسایشی زانکۆکانی ئەو زانکۆیە مافی وانەوتنەوەی لی ئەستێدراوە و لە زانکۆ دوور خراوەتەوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، هێمن قارەمانی مامۆستای زانکۆی ئازادی بۆکان وێڕای دوورخرانەوە لە مامۆستایەتی، لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە هەڕەشەی دەستبەسەر کردنیشی لێکراوە.

هێمن قارەمانی مامۆستای بەشی تەلارسازیی زانکۆی ئازادی بۆکان، تەنیا بە هۆی رێکخستنی ڤۆرک شۆپێک بۆ خوێندکاری کۆلێژی تەلارسازی لە زانکۆی ئازادی ئەو شارە لە مامۆستایەتی دوور خراوەتەوە.

شایەتحاڵێک لە زانکۆی ئازاد بە هەواڵنێری “مرۆڤایەتی” راگەیاند: “لە دەستپێکی ڤۆرک شۆپەکەدا “دوکتور زیائی” سەرۆکی زانکۆ هاتە سالۆنی ڤۆرکشۆپەکە و بە دەنگی بەرز هاورای کرد ئەو بەرنامەیە هیچ هەماهەنگییەکی بۆ نەکراوەو دەبوو ئیزن لە سەرۆکی زانکۆ و بەشی حەراسەت وەربگرن”.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، سەۆکی زانکۆ بە هێمن قارەمانی مامۆستای زانکۆی گوت: “تۆ دەتهەوێ چالاکیی سیاسی لێرە رێک بخەی و خوێندکاران هان بدەی، بۆیە چیدیکە مافی وانە وتنەوەت لەم زانکۆیە نیە و هەر ئێستا کۆتایی بە کارەکەت نەهێنی تەلەفۆن بۆ سپای پاسداران دەکەم بێن و پێت کۆبکەنەوە”.

بە پێی گوتەی شایەتحاڵی ڕووداوەکە، “گوتەی سەرۆکی زانکۆ ناڕەزایەتی و سەرسووڕمانی خوێندکارانی لێکەوتۆتەوە پاش هەرەشەی سەرۆکی زانکۆی ئازادی بۆکان لە هێمن قارەمانی بەرنامەکە کۆتایی هاتووە”.

هەڕەشەی سەرۆکی زانکۆی ئازادی بۆکان لە مەڕ دەستبەسەر کردنی ئەو مامۆستایە، لە کاتێدایە کە بە پێی یاسای زانکۆکانی ئێران هێزی چەکداری و ئەمنی  مافی ئەوەیان نییە لە جە‌‌غزی زانکۆکانی ئێران دا هەبوون و یان کەسێک دەستبەسەر بکەن.

لەسەرەتای وەرزی خوێندنی ئەمساڵیشدا، حامید کۆنەپۆشی مامۆستای زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، لەلایەن سەرۆکی ئەو زانکۆیەوە ئاگادار کرابوویەوە کە مافی وانە وتنەوەی لە زانکۆدا نییە.

دوکتور مەسعوود رۆستەمی مامۆستای زانستە سیاسیەکان، سەبارەت بە دەرکردنی مامۆستایان رایگەیاندبوو، کە بە مەبەستی دابڕاندنی دوو جیلی “کۆن و نوێ” لە یەکتر، مامۆستایانی کورد بەشێوەی سیستماتیک لە زانکۆکان دوور دەخەنەوە.

universtat1 universtat4