حەسەن رەستگاری، بەندکراوی سیاسیی کورد، مانی لە خواردن گرتووە.

0
927

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵەکان، حەسەن ڕەستگاری مەجد، لە ڕۆژی شەممە 13ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوییەوە، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای درێژخایەن و دادگایی کرانی نادادوەرانە و دۆسیە بۆ سازکرانی بێ بنەما، دەستی داوەتە مانگرتن و پێداگری کردووە کە تا وەدیهاتنی داخوازییەکانی لەسەر مانگرتنەکەی بەردەوام دەبێت.

بە هۆی ئەوەی کە ئەو هاونیشتمانییە کوردە هاوکات شارۆمەندی وڵاتی تورکیەشە، دەگوترێ چەندین نامەشی بۆ کۆنسوولگەریی تورکیە لە ئورمیە ناردووە و ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە.

بەرپرسانی دەزگای دادوەریی ئێران لە ئورمیە لە دوای دەستبەسەر کرانی ئەو هاونیشتمانییە، بەردەوام هەوڵی درووست کردنی دۆسیەی نوێیان بە دژی داوە و سێ دۆسیەیان بۆ ساز کردووە کە ڕەستگاری، هەموویانی ڕەت کردۆتەوە و بە بێ بنەما و ساختەی لەقەڵەم داون.

حەسەن ڕەستگاری، تەمەن ٤٣ ساڵ و هاوڵاتیی شاری ورمێ لە 5ی خەزەڵوەری 1393ی  هەتاوی، بە تۆمەتی  پشتگیری لە بەرخۆدانەکانی کوبانی لەشاری ورمێ لە گەڵ ۱٥ هاووڵاتی تر دەستبەسەر دەکرێت و لە دوای یەک ساڵ مانەوە لە زیندانی ناوەندی ورمێ هەناردەی بەشی ڕەوان دەرمانی دەکرێت.

 و لە خەرمانانی ساڵی ۹٤دا لەلایەن بە تاوانی شێواندنی ڕای گشتی، هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەی و هاوكاریكردنی حیزبە كوردییەكانی بەرهەڵەستکاری كۆماری ئیسلامی، لە لایەن داداگای شۆڕش لە شاری ورمێ دادگایی و سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

ئەم حوكمە لە حاڵێكدا بەسەر حەسەن ڕەستگاری داسەپا كە پێشتر لێكۆلەری دۆسیەکەی پێی ڕاگەیاندبوو لە تۆمەتەکان بەری کراوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی دادستان دووبارەی دادگایی كرایەوەو لەلایەن دادوەر شێخلوو بە تاوانی پڕوپاگەندە دژی ڕژیم، سزای ساڵێک بەندکرانی دیکەشی بەسەر زیاد کرا.