بەرپرسانی بەندیخانەی سنە، ڕێگرای لە ناردنی حسێن دانیشمەند، بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ نەخۆشخانە دەکەن

0
1136

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵێکی کە بە “مرۆڤایەتی” گەیشتووە، دۆخی حسێن دانیشمەند، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی سنە دەستبەسەرە لەوپەڕی نالەباری دایە و بەرپرسانی بەندیخانەی، پێشیان بە ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە گرتووە.

حوسێن دانیشمەند و برایەکی بەناوی دوکتور حەسەن دانیشمەند، مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای کوردستانەوە دەستبەسەر و دوای ئەشکەنجە و لێدان، بۆ نەخۆشخانەی سنە، ڕاگواستراون.

بە گوێرەی لێدوانی کەسێکی ئاگادار، حوسێن دانیشتمەند لە ماوەی لێپرسینەوە لە قەرارگای شەهرام فەر ـی سپای سنە، تووشی خوێنبەربوونی گورچیلە بووە و دەرد و ئازارێکی زۆر دەکێشێ بەڵام سەرەڕای نالەباربوونی دۆخی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردی، بەرپرسانی بەندیخانەی سنە، ئیزنی ناردنی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە نادەن.

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە گوێرەی زانیارییەکان، سەرەڕای ئەو ئازارە زۆرە، هیچ دەرەتانێکی تر جیا لە حەبی ئارامکەرەوە نەدراوە بەو بەندکراوە سیاسییە کوردە.

حوسێن دانیشمەند تەمەنی ٤١ ساڵە و حەسەن دانیشتمەند کە لە تاران پزیشکە، تەمەنی ٤٣ ساڵانە، ئەو دوو برایە بۆ تێپەڕاندنی پشووی نەورۆزی سەردانی ماڵی باوکیان کردووە کە لە لایەن هێزە جل شەخسییەکانی ئیتلاعاتی شاری بانەوە دەست بەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراون و تا ئێستاش نە ئیزنی چاوپێکەوتنی بنەماڵەیان پێ دراوە نە ئیزنی گرتنی پارێزەریان هەبووە.

کەسێکی ئاگادار لەو دەست بەسەر کردنە کە نەیوسیت ناوی ئاشکرا بکرێت کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو دوو برایە، لە لێدوانێک بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد باسی لە هێرشی جل شەخسیەکان بۆ سەر ماڵی باوکی حەسەن و حوسێن دانیشمەند کرد و گوتی بە هۆی ئەوەی کە جل شەخسییەکان کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵی باوکی ئەو دوو برا کوردەی شاری بانە، سپرەی بیباریان بە کار هێناوە، ترس و دڵەراوکێیەکی زۆریان خستۆتە ناو ئەندامانی ئەو خێزانە.

ئەو سەرچاوە هەروەها بە ڕۆژی کوردی گوت کە پێدەچێ مەبەستی جل شەخسیەکان دەست بەسەر کردنی حەسەن دانیشمەند بێ کە دەگوترێ بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕەژیم دەست بەسەر کراوە بەڵام بە هۆی ئەوەی کە دوکتور حەسەن بە هۆی بەکارهێنانی سپرەی بیباری لە لایەن جل شەخسییەکانەوە، گازندەی کردووە و ناڕەزایەتی دەربڕیوە، ئەویشیان دەست بەسەر کردووە ئەگینا هیچ تاوانێکی تری لەسەر نیە.

شایانی ئاماژەیە کە ئەو دوو برا کوردە هەر دووکیان خێزاندار و هەر کامەشیان ٢ کچیان هەیە.