جەماڵ قادری و ٢ بەندکراوی تر لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، مانیان لە خواردن گرتووە

0
1321

مرۆڤایەتی: جەماڵ قادری، بەندکراوی کوردی سوننەمەزهەبی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج کە ئێستا خەریکی تێپەڕاندنی حەوتەمین ساڵ لە سزای ٨ ساڵەی بەندکرانەکەی دایە، لە ڕۆژی ڕابردووەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتیی درێژماوە و بەردەوام لە مافەکانی و هەروەها پێنەدرانی ئیزنی سەردان، سەرەڕای ئەوەی کە بەشی هەرەزۆری سزاکەی کێشاوە، دەستی داوەتە مانگرتن.

هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە فواد ڕەزازادە، بەندکراوێکی تری ئەو بەندیخانەیە، ماوەی ١٠ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.

مانگرتنی جەماڵ قادری و بەندکراوێکی تری “بیروڕای ئایینی”ـی هۆڵی 21ی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، ئەمڕۆ شەممە 13ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، دەستی پێکردە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لەو بەندکراوە کوردە وێڕای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە گوتی: “جەماڵ قادری، سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا ماوەی ٧ ساڵی تێپەڕ کردووە بەڵام تا ئێستا نەتەنیا ئیزنی سەردانی بنەماڵە و هاتنەوەی پێنەدراوە بەڵکوو لە زۆرێک لە مافە یاساییەکانیشی بێبەش کراوە، هەر بۆیەش دەستی داوەتە مانگرتن”.

جەماڵ قادری، تەمەنی ٤٢ ساڵانە و سێ منداڵی هەیە و لە ساڵی 1389ی هەتاوییەوە لە بەندیخانە دایە.