ئەرک پێ ئەسپێردراوانی ئیتلاعات لە بەندیخانەی کرمان هەڵیانکوتایە سەر ژووری دوو بەندکراوی سیاسیی کورد

0
1040

مرۆڤایەتی: ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٨ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، ئەرک پێ ئەسپێردراوانی ئیتلاعاتیی بەدیخانەی ناوەندیی شاری کرمان، هێرشیان کردە سەر ژووری هاوبەشی دوو کچی بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ئەفسانە بایەزیدی و هاجەر پیری و بەشێک لە کەرەستە و کەلوپەلی تاکەکەسیی ناوبراوانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

لە کاتی هێرشی هێزەکانی حیفازەتی ئیتلاعات بۆ ژووری ئەو دوو چالاکە سیاسییە کوردە، مەئموورەکان بێڕێزی و سووکایەتیی زۆریان بە دوو زیندانییە کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە نێو زیندانی ناوەندیی کرمانەوە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: “ژووری ئەفسانە و هاجر بە تەواوەتی پشکێنراوە و هیندێک کتێب و هەروەها دەفتەری بیرەوەریی ئەفسانە بایەزیدییان لەگەڵ خۆیان بردووە.”

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە هاجەر پیری بە هۆی گوتنی دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” لە کاتی ئەو پەلاماردانەدا، بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە و هەتا ئێستا نەگەڕێندراوەتەوە ژوورەکەی خۆی.

ئەفسانە بایەزیدی، ٣١ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی بە تۆمەتی پڕۆپاگەندا بە دژی نیزام و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ٤ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمان مەحکوم کرا.

ئەفسانە لە بەندیخانەی کرمانەوە، ڕەنجنامەیەکی بە زمانی فارسی دا دەرەوە و تێیدا باسی لە ئەشکەنجە و دەستدرێژی لە لایەن پیاوانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ماوەی دەستبەسەرکران و ڕاگرتنی کردووەکە لە لایەن “مرۆڤایەتی”ـەوە کراوە بە کورد.

هاجەری پیری، بەندکراوی تەمەن ٣٣ ساڵانە کوردەی خەڵکی باژێڕی نەغەدە، مانگی بانەمەڕی 1386ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری نەغەدەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەی ٧ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی نەغەدە و ئورمیەدا ڕاگیراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، ڕەزبەری هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ” ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و هەروەها هەوڵدان بە دژی ئاسایشی وڵات” سزای ١٧ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمانی لە ناوەندی ئێرانی بەسەردا سەپێندرا.

ماڵپەڕی هاوار کە بۆ بەدواداچوون بە دۆخی مافی ئافرەتانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات تەرخان کراوە و چالاکی دەکا، سەرەتاکانی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لەمەڕ دۆخی ١٢ کچی بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران بڵاو کردەوە و تێیدا باسی لە دۆخی نالەباریان دەکا.