٧ خۆکوژی لە ماوەی مانگی خەزەڵوەردا/خۆکوژی بووە بە بەشێک لە ژیانی خەڵک

0
1343

مرۆڤایەتی: بەپێی زانیارییەکانی مرۆڤایەتی، قوتابییەکی دواناوەندی لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری کرماشان، ئێوارەی ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢٨ی خەزەڵوەر بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە بە چەکی ڕاو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەواڵدەری مێرساد نیوز نزیک لە سپای پاسداران، خۆکوژیی ئەو قوتابییەی بۆ برەوپێدانی خۆکوژی لە گرووپە تێلگرامییەکان گەڕاندۆتەوە بەڵام دەگوترێ لە ئەو قوتابییە بە هۆی کێشەی هەژاری و ماڵیەوە دەستی داوەتە خۆکوژی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەریش، کۆڵبەرێکی تەمەن ٤٤ ساڵانی کوردی خەڵکی گوندی “ئەنبێ” ـی ناوچەی تەرگەوەڕی سەر بە شاری ورمێ، بە ناوی “فەرهاد عەباسپوور” لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە خیزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە و بە هۆی بێکاری و نەبوونی داهات و هەلی کار دەستی داوەتە خۆکوژی.

لەلایەکی ترەوە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لە گوندی “گردشکانە”ی سەر بە شاری پیرانشار، لاوێک بە ناوی “ئیبراهیم کرمانج” کوڕی سەلیم، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوبراو خێزاندارە و منداڵێکی هەیە و بە هۆی کێشەی ماڵی و بێکاریەوە هەوڵی خۆکوژی داوە.

هەروەها ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی گوندی ئیندرقاش ـی سەر بە مهاباد لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

حەوتوویەکیش بەر لەو ڕووداوە، کچێکی تەمەن ٨ ساڵان بەناوی گزینگ ماندگار، خەڵکی گوندی لەجێ ـی سەر بە شاری مهاباد خۆی خنکاند و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە هەمان کاتدا باس لە خۆکوژیی دوو مێرمنداڵی تریش لەو ماوەیەدا هەیە کە بە هۆی بنەماڵەکەیانەوە ڕزگاریان بووە و نە مردوون.