منداڵێکی تری کورد بوو بە قوربانیی هەڵەی پزشکی

0
878

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، مێرمنداڵێکی تری کورد بە ناوی ئاریا ساعد موچشی خه لکی ئاوایی خامسان ـی سەر بە کامیاران بەهۆی هەڵەی پزشکی گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە “مرۆڤایەتی” ڕاگەیاند: ماوەی ١٤ ڕۆژ پێش، ئاریا بە هۆی سەرمالێدانەوە نەخۆش دەکەوێ و دەیبەن بۆ کامیاران، لە کامیاران دەرزی لێدەدرێ و بەو هۆیەشەوە تێکدەچێ و ڕەوانەی نەخۆشخانەی بێعسەت لە سنە دەکرێ و دوای ٨ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە و ٣ ڕۆژ بەر لە ئێستا واتا ڕۆژی پێنج شەممە 20ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی بە خاکی کوردستان ئەسپێردراوە”.

ئێستا بنەماڵەی ساعدموچشی سکاڵایان لەسەر پزشک تۆمار کردووە وچاوەڕوانی وڵامی پزشکی یاسایین.

ئاریا ساعد مووچشی، تەمەن ١١ ساڵان و قوتابیی پۆلی چواری سەرەتایی بوو و هۆگرییەکی تایبەتی بە موزیک و ئامێری دەف هەبوو.

پێشتریش ئێوارەی ڕۆژی هەینی 8ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، پەرسام عەزیزی، تەمەن 10 ساڵان، بەهۆی كۆخەوە دەبردرێتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بێعسەت لەشاری سنە بەڵام بە هۆی لێدانی هەڵەی دەرزیی (دگزامتازۆن) دەچێتە كۆما‌وەو تا نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژ، لە بەشی ئای سی یو لەژێر چاودێری دابووە بەڵام سەرەڕای هەوڵی پزیشكان “پەرسام” گیانی لەدەستدا.

بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە، کەمپەینێک بەناوی “کەمپەینی بەربەرەکانی لەگەڵ هەڵە پزشکییەکان” بۆ پشتگیری و پشتیوانی کردن لە بنەماڵەی پۆرسام عەزیزی پێکهاتووە.

پارێزەر “کاوە ئەسەدی” بە شێوەی خۆبەخش بەدواداچون و پارێزەریی ئەو دۆسیەی وەئەستۆ گرتووە.

ئامانجەکانی ئەو کەمپەینە بە شێوەی خوارەوە ڕاگەیێندراوە:

  • دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی تازێبار و خەمباری پۆرسام عەزیزی
  • پشتیوانی لە بنەماڵەی عەزیزی لە کاتی تۆمار کردنی سکاڵا و لە ڕەوتی دۆسیەکەدا تا گەیشتن بە ئەنجام
  • ناسین و ناساندنی بابەت و ڕووداوی هاوشێوە کە بە هۆی کەموکورتی و پێڕانەگەیشتنی پزشکییەوە هاتوونە ئاراوە و لە ئەنجامدا کەسێک کەم ئەندام بووە یان مردووە.
  • پێدانی بەربەرینی زانیاری بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی بەرپرسانی پەیوەندیدار و تێهەڵێنانەوە و ڕاگرتنی هەڵەکان لەم بوارەدا.