بەندکراوێکی سیاسیی کورد، ماوەی ٩ ساڵە بێ مۆڵەتی سەردان لە بەندیخانەی کرمانە

0
1558

مرۆڤایەتی: بەندکراوێکی سیاسیی کورد بەناوی “هاجەر پیری” ماوەی 9 ساڵە بە دوور لە چاوی میدیاکان و بەبێ یەک رۆژ مۆڵەتی سەردان لە بەندیخانەی کرمان ڕاگیراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مرۆڤایەتی، ئەو بەندکراوە تەمەن ٣٣ ساڵانە کوردەی خەڵکی باژێڕی نەغەدە، مانگی بانەمەڕی 1386ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری نەغەدەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەی ٧ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی نەغەدە و ئورمیەدا ڕاگیراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، ڕەزبەری هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ” ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و هەروەها هەوڵدان بە دژی ئاسایشی وڵات” سزای ١٧ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمانی لە ناوەندی ئێرانی بەسەردا سەپێندرا.

هاجەر پیری لەکاتێکدا نۆیەمین ساڵی بەندکرانی خۆی تێدەپەڕێنێت کە ٨ ساڵ و ٦ مانگە لە بەندی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگیراوە و باری جەستەیی ناجێگیرە و قەفەسەی سینگی چڵکی کردووە و بەدەست ئازارەوە دەناڵێنێت.

بەندیخانەی کرمان یەکێک لەو بەندیخانانەی ئێرانە کە چەند ئافرەتێکی کورد، دوور لە چاوی میدیاکان و لە بێدەنگیی بنەماڵەکانیاندا لەوێ ڕاگیراون و سزای بەندیخانە و دوورخرانەوەیان بەسەردا سەپاوە.

ئەفسانە بایەزیدی، کچە خوێندکاری کوردیش ئێستا لە بەندیخانەی کرمانە و بە گوێرەی زانیارییەکان بە هۆی بڵاوکردنەوەی ڕەنجنامە، بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.