تەرمی کۆڵبەرێکی کورد لە هەورامان دوای ٣ ڕۆژ دۆزراوە

0
1565

مرۆڤایەتی: تەرمی کۆڵبەرێکی کوردی گوندی دزاوەری ناوچەی هەورامان بە ناوی حسێن کوهی، دوای ٣ ڕۆژ بێ سەروشوێنی ئەمڕۆ دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەو کۆڵبەرە لاوە کوردەی خەڵکی دزاوەری ناوچەی هەورامانی لهۆن کە ٣ ڕۆژ بەر لە ئێستا بەنیازی کۆڵبەری و دابین کردنی پێویستییەکانی ژین، بەرەو ناوچە سنوورییەکان دەرکەوتبوو، ئەمڕۆ پێنج شەممە 20ی سەرماوەزی 1395ی  هەتاوی، لەلایەن خەڵکی گوند لە بەرزاییەکانی ناوچە کوێستانییەکانی ئەو گوندە دۆزرایەوە.

بەپێی لێدوانی کەسێکی گوندەکە بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هیچ ئاسەواری لێدان و برین لەسەر تەرمی حسێن کوهی نەدۆزراوەتەوە هەر بۆیەش پێدەچێ بە هۆی ترس و تۆقین لە بۆسەی هێزەکانی ڕژیم، تووشی جەڵدە یان ڕاوەستانی دڵ بووبێ و گیانی لەدەست دابێ.

دزاوەر یەکێک لە لەمێژینەترین و جوانترین گوندەکانی هەورامانی لهۆن ـە کە شوێنی سەیران و کێوی بەرزی زۆری لێ هەڵکەوتووە بەڵام بە هۆی پێڕانەگەیشتنی ڕژیم و دواکەوتوو مانەوەی کوردستان لە ڕووی پیشەسازییەوە، بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەو ناوچەیە بەناچاری پیشەی کۆڵبەرییان هەڵبژاردووە.