چارەنووسی ٢ هاووڵاتیی کورد دوای ١٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون، ناڕوونە

0
1139

مرۆڤایەتی: چارەنووسی ٢ هاووڵاتیی نەغەدەیی کە ڕێکەوتی 8ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەربوونەکەیاندا، هەروا ناڕوونە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە نەغەدەییەی “ئارام سوورە”، خوێندکاری بوای وەرزش و “شایان حاجی تەلخابی”، ئاڕایشگەر، ڕاگەیاندووە.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە 8ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراون.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەیان، تا ئێستاش چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە گەنجە ناڕوونە و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەمەڕ دۆخ و شوێنی ڕاگرتن و هۆکاری دەستبەسەرکرانیان لەبەردەست دا نیە.

لە لایەکی ترەوە بەپێی هەواڵی “مرۆڤایەتی”، چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئارمان سەلیم پوور، کوڕی حەبین، تەمەن ٢٧ ساڵان و خەڵکی مهاباد کە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی لە ناو ماڵی باوکی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دەستبەسەرکرانەکەیدا، ناڕوونە.