لە ماوەی ٧ مانگی ئەمساڵی هەتاوی دا چەند کچی کورد لە لایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بە گوێرەی زانیارییەکان خۆڕاگریی ئەو کچە کوردانە لە ئاستێکدا بووە کە ئیتلاعات نەیتوانیوە بە هیچ شێوەیەک ناچار بە دان پێدانانی زۆرە ملییان بکات و لە هەمان کاتیشدا بەرخۆدان و بوێریی ئەفسانە بایەزیدی لە ناو بەندیخانەشدا بەردەوامە.
مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە “مرۆڤایەتی”، کەژاڵ حوسێنی، خەڵکی مهاباد، کچی سالار، تەمەن 28 ساڵان و خوێندکاری بواری کامپیۆتێری زانکۆی تەورێز دوای ٦ مانگ دەستبەسەربوون، بۆ بەندیخانەی ئێڤین ـی تاران ڕاگواستراوە.
کەژاڵ حوسێنی، ڕێکەوتی 6ی جۆزەردانی 1395ی هەتاوی لە لایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کراوە و دوای ٦ مانگ بۆ یەکەم جار بۆ ماوەی ٦ خولەک ئیزنی پێداروە لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکات.
پێشتر سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حسێنی لە پەیوەندییەک لەگەڵ “مرۆڤایەتی” ڕایگەیاندبوو: “نزیک دوو مانگ لەمەوە پێش، یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵە، پێیڕاگەیاندین کە ماوەی ٢ مانگە کچەکەتان ڕاگواستراوە بۆ بەندی سپا لە تاران، بەڵام باوکی بنەماڵە سەردانی بەندی ٢ی سپا لە تارانی کردووە و ئەوان ڕەتی دەکەنەوە کەژاڵ لەوێ بێ”.
لە هەمان کاتدا “مەنیژە فاتحی”، کچی بەهمەن، تەمەن ٢٢ ساڵان، ڕێکەوتی 15ی ڕەشەممەی 1394ی هەتاوی لەلایرن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی باژێڕی بۆکان دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لە دۆخی ناوبراو وتاوان و چارەنووسی لەبەردەستدا نیە.