لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد بەردەوامە/دوو کەس لە مهاباد لە سێدارە دران

0
1451

مرۆڤایەتی: سەر لە بەیانیی ئەمڕو ١٧ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “ڕەحیم محەممەدپوور” و کەسێکی دیکە بە ناوی”مێهدی” لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد حوکمی ئێعدامیان بەڕێوەچوو.

بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی کوردپا، ڕێکخراوی مافی مڕۆڤی ئێران، هەواڵی ئێعدامی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە سیدارە دراوەی پەیوەندیدار بە مادەی سڕکەر ڕاگەیاندووە.

ڕەحیم محەمەدپوور
ڕەحیم محەمەدپوور

ڕەحیم محەممەد پوور، کوڕی ئەحمەد، خێزاندارە و کچێکی کەم تەمەنیشی هەیە. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک، ئەو مەوادەی کە لە ماڵەکەی گیراوە، هی خۆی نەبووە و بە پیلان بۆی داندراوە.

هەروەها لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی کورد بە تاوانی دزی کردن لە یەکێک لە زێڕنگەرییەکانی شاری سەرپێلی زەهاو وهەروەها کوشتنی کەسێک، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە 8ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاویش، 9 بەندکراوی کورد لە بەندخانەی سەڵماس، بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان ڕاگواستراون کە یەکێک لەو کەسانە لە بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ بەندیخانەی سەڵماس ڕاگواستراوە و ئەو ٩ کەسە دوای دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان، ڕاگواستراون.

ئیرەج حامیدی، کوڕی جەهانگیر، شوناسی ئەو بەندکراوە کوردەیە کە لە بەندیخانەی ئورمیەوەو بەمەبەستی جێ بە جێ کرانی سزای لەسێدارەدان، بۆ بەندیخانەی سەڵماس ڕاگواستراوە.

شەوی یەکشەممە 9ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاویش، هاووڵاتییەکی تری کورد بەناوی سامی مامەدی، خەڵکی گوندی قزڵ کەندـی سەر بە بەشی کوهساری باژێڕی سەڵماس، دوای تێپەڕاندنی ٧ ساڵ لە زیندان، تاوانی کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان،لە بەندیخانەی سەڵماس لە سێدارە دراوە.

بەختیار مامەدی، خەڵکی سەڵماس و شۆڕش فاروقی، خەڵکی ناوچەی ئەنزەل و نیشتەجێی سەڵماس، دوو هاووڵاتیی تری کوردن کە یەکشەممە 2ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی بە تاوانی “کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان” و دوای تێپەڕاندنی ٦ ساڵ بەندیخانە، لە بەندیخانەی سەڵماس لە سێدارە دران.