دوو برا له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی بۆكانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كران

0
676

مرۆڤایه‌تی : ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ١٥ی خه‌زه‌ڵوه‌ڕی ١٣٩٥ی هه‌تاوی هێزه‌ لیباس شه‌خسیه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ شاری بۆكان هێرشیان كرده‌ سه‌ر ماڵی بنه‌ماڵه‌ی شێخی له‌و شاره‌ و دوو كوڕی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌یان به‌ ناوه‌كانی دیاكۆ و مسته‌فا ده‌ستبه‌سه‌ر كرد.
به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ماڵپه‌ڕی مرۆڤایه‌تی، هێزه‌ لیباس شه‌خسیه‌كانی ڕژیم به‌ره‌به‌یانی هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر ماڵی ئه‌و دوو برایه‌ و پاش لێدان و بێحورمه‌تی و هه‌روه‌ها پشكنینی ماڵه‌كه‌یان، قۆڵبه‌ستیان كردوون و بۆ شوێنێكی نادیاریان ڕاگواستوون.
ده‌ستبه‌سه‌ر كرانی ئه‌و دوو برایه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ به‌ وته‌ی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی شێخی، ئه‌و هێزانه‌ ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌ی ده‌زگا قه‌زاییه‌كانی ڕژیمیان پێ نه‌بووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی كوتوپڕ هه‌ڵیان كوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌یان و به‌ بێ هۆكارێكی ڕوون ده‌ستبه‌سه‌ریان كردوون.
تا كاتی ئاماده‌ كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ زانیارییه‌كی ئه‌وتۆ له‌ پێوه‌ندی به‌ هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌ر كرانی دیاكۆ و مسته‌فا شێخی له‌ به‌ر ده‌ست دا نییه‌.