بەندیخانەی سەڵماس، کوشتارگای بەندیە کوردەکان

0
1205

مرۆڤایەتی: بەپێی زانیارییەکانی مرۆڤایەتی، لانیکەم 9 بەندکراوی کورد کە بە تاوانی “مادە هۆشبەرەکان” لەو بەندیخانەیەن، بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان ڕاگواستراون.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە 8ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی، 9 بەندکراوی کورد لە بەندخانەی سەڵماس، بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان ڕاگواستراون کە یەکێک لەو کەسانە لە بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ بەندیخانەی سەڵماس ڕاگواستراوە و ئەو ٩ کەسە دوای دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان، ڕاگواستراون.

ئیرەج حامیدی، کوڕی جەهانگیر، شوناسی ئەو بەندکراوە کوردەیە کە لە بەندیخانەی ئورمیەوەو بەمەبەستی جێ بە جێ کرانی سزای لەسێدارەدان، بۆ بەندیخانەی سەڵماس ڕاگواستراوە.

بنەماڵەی ئەو بەندکراوە کوردەی خەڵکی ئورمیە، ڕۆژی شەممە دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئیرەج ئەنجام داوە و بە هەرانایان ڕاگەیاندووە کە بڕیارە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێ شەممە 11ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی، لە بەندیخانەی سەڵماس لە سێدارە بدرێت.

هەروەها شەوی یەکشەممە 9ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی تری کورد بەناوی سامی مامەدی، خەڵکی گوندی قزڵ کەندـی سەر بە بەشی کوهساری باژێڕی سەڵماس، دوای تێپەڕاندنی ٧ ساڵ لە زیندان، تاوانی کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان،لە بەندیخانەی سەڵماس لە سێدارە دراوە.

بەختیار مامەدی، خەڵکی سەڵماس و شۆڕش فاروقی، خەڵکی ناوچەی ئەنزەل و نیشتەجێی سەڵماس، دوو هاووڵاتیی تری کوردن کە یەکشەممە 2ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی بە تاوانی “کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان” و دوای تێپەڕاندنی ٦ ساڵ بەندیخانە، لە بەندیخانەی سەڵماس لە سێدارە دران.