زیندانییەکی سیاسیی کورد، بە هۆی برینداربوون و ئەشکەنجەی زۆر، لاقێکی لەدەستدا

0
1663

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مرۆڤایەتی، زیندانیەکی سیاسیی ناوچەی مەرگەوەری ئورمیە بە هۆی تەقەی هێزەکانی ڕژیم لاقێکی لەدەست داوە.

مراد ئێحسانی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەدێی زێوەـی سەربە ناوچەی مەرگەوەری باژێڕی ئورمیە کە ڕێکەوتی ٣٠ـی سەرماوەزی 1394ی هەتاوی بە هۆی تەقەی هێزەکانی ڕژیم بریندار ببوو و دواتر دەست بەسەرکراوە، لاقێکی بڕدراوەتەوە.

ئەو هاووڵاتی کوردە، دوای دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزەکانی ڕژیم، بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی ئورمیەدا بووە و بەو هۆیەوە برینەکەی زیاتر تەشەنەی کردووە.

مراد ئێحسانی، ماوەیەکی زۆر دوای دەستبەسەرکران و ئەشکەنجەدران، ڕەوانەی بەندیخانەی ئورمیە کراوە و دواتر لە نەخۆشخانەی ئورمیە، لاقێکی بڕدراوەتەوە.

لە ماوەی نزیک بە یەک ساڵی ڕابردوودا کە ئەو هاووڵاتیە کوردە بریندار و دستبەسەرکراوە، بە هیچ شێوەیەک ئیزنی بنەماڵەکەی نەدراوە سەردان و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکەن و تەنیا لە کاتی بوونی لە نەخۆشخانە، بۆ ماوەی ١٠ خولەک و لە پشت شیشەوە ئیزنیان پێدراوە چاو لە کوڕەکەیان بکەن، بە بێ ئەوەی کە هیچ پەیوەندییەک و قسەکردنێک لە نێوانیان بێتە ئاراوە.

مراد ئێحسانی بە تاوانی هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش ڕوون نیە چ سزایەکی بەسەردا سەپاوە.