مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، بێهنام ئیبراهیم زادە، بەندکرای سیاسی و چالاکی کرێکاریی کورد، لە لایەن بەرپرسی زیندانەوە هەڕەشەی دۆسییەسازی دووبارەی لێکراوە.
بێهمنام ئیبراهیم زادە، ماوەی چەند ڕۆژ پێش لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و لە بەندی دارولقورعانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە بۆ بەندی سیاسی- مەدەنیی ئەو بەندیخانەیە گواستراوەتەوە.
دەگوترێ ئەو بەندکراوە سیاسیە کوردە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە دراوەتە بەر ئەشکەنجە و پاش زەوت کردنی کەل و پەل و دەست نووسراوەکانی ڕاگواستراوە.
هەروەها هاوسەر و منداڵی بێهنام ئیبراهیم زادە لە دۆخێکی تەندروستیی نالەبار دان و لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێری پزیشکی دان
جێگای ئاماژەیە، بێهنام ئیبراهیم زادە، چالاكی كرێكاری و ئەندامی كومیتەی هاوئاهەنگی تا ئێستا چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتیەكانەوە بە تۆمەتی چالاكی كرێكاری دەستگیر و بە زیندان مەحكوم كراوە.
بێهنام ئیبراهیم زادە، ساڵی 1356ی هەتاوی لە باهێڕی شنۆ لە دایک بووە.
مانگی جۆزەردانی 1389ی هەتاوی دەستبەسەر کا و سەرەتا لە لایەن لقی 15ی دادگای شۆڕش، 20 ساڵ سزای زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپا بەڵام دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا کرا بە 5 ساڵ زیندان.
مانگی ڕێبەندانی ساڵی 1393ی هەتاوی لە لایەن لقی 15ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر “سەلەواتی” دادگایی کرا و بە تاوانی هاودەستی و هاوکاری لەگەڵ مجاهیدینی خەڵق لە ناو زیندانەوە و پرۆپاگەندە بە دژی ڕژیم لە ڕێگای پەیوەندی کردن بە ئەحمەد شەهیدەوە، سزای 9 ساڵ و چوار مانگ زیندانی بەسەردا سەپاوە.
بێهنام ئیبراهیم زادە چالاكی كرێكاری دوای ئەوەی ٢٢ پووشپەڕ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشیەكەی مۆڵەتی مەرەخەسی پێ درابوو رۆژی یەكشەممە، ٨ خەرمانان گەڕایەوە زیندانی رەجایی شار.
.